Accessibility links

سەرۆک بایدن ئاشکرای دەکات ساڵی ڕابردوو داهاتی چەند بووەو چەندێک باجی داوە


سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە نەریتێکی دێرینی سەرۆکایەتی ئەمەریکای زیندووکردەوە بە ئاشکراکردنی بەڵگەنامەی باجەکانی کە تیایدا نیشان دەدات لە ساڵی 2020دا%25.9 ی داهاتی خۆی و هاوسەرەکەی دراوە بە باجی حکومەتی فیدراڵ.

بایدن و جیل‌ی هاوسەری کە مامۆستای زانکۆیە، پێکەوە داهاتیان 607 هەزار و 336 دۆلار بووە لە ساڵەکەدا. داهاتی ئەوان بە بەراورد بە ساڵی پێشتر 2019 کەمی کردووە کە ئەو کاتە نزیکەی 985 هەزار دۆلار بوو بەهۆی ئەوە بڕە پارەیەی لە فرۆشتنی کتێب، وتارەکانیان و پێگەیان لە زانکۆی پێنسلڤانیا و باکوری ڤێرجینیا دەستیان کەوتبوو. ئەم دەرفەتانەیان بەهۆی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن نەمابوو.

جین ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە " چاوەڕوانی ئەوە دەکەم بەردەوام بین لە ئاشکرا کردنی تۆماری باجەکانی ساڵانەی سەرۆک هەر وەک چۆن پێویستە لە هەموو سەرۆکێکی ئەمەریکا ئەو چاوەڕوانییە بکرێت.

بایدن لە ساڵی ڕابردوو 30 هەزار و 704 دۆلاری لە داهاتەکەی بەخشیوە، گەورەترین بەخشینی بە بڕی 10 هەزار دۆلار بە ڕێکخراوی بۆ بایدن بووە کە ڕێکخراوێکی قازانج وەرنەگرە و کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە منداڵان دەکات و بە نێوی کوڕە کۆچکردووەکەی سەرۆک بایدنەوە نراوە.

هەمو کاربەدەستێکی حکومەتی ئەمەریکا پێویستە پاش دەستبەکاربوونی تەواوی سەروەت و سامانی بۆ ئۆفیسی ڕەوشتی حکومەت ( Office of Government Ethics) کە بە مەبەستی ڕێگەگرتنە لە گەندەڵی. سەرۆک بایدن تەواوی سەروەت و سامانی خۆی بە فەرمی بۆ ئەم ئۆفیسە ئاشکرا کرد. تەواوی سەروەت و سامانی بایدن و هاوژینەکەی 1 ملیۆن و 200 هەزار تا 2 ملیۆن و 800 هەزارە.

نەک تەنها بایدن، بەڵکو جێگری سەرۆک کامڵا هێرسیش بەڵگەی باجی ساڵی 2020 ی داهاتیی خۆی و هاوژینەکەی ئاشکرا کردووە کە %36.7 ی داهاتەکەیان کە نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بووە بۆ باجی فیدراڵ ڕۆشتووە.

XS
SM
MD
LG