Accessibility links

حکومەتی هەرێمی کوردستان: حکومەت بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەستوەردان لە کاروباری دادگاکاندا بکات


ئێوارەی ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنێکی لەبارەی بڕیارێکی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر لەسەر سزای چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی پارێزگای دهۆک بڵاو کردەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیستمی دادوەری هەرێمی کوردستان سەربەخۆیە و هیچ دەستێوەردانێک نییە.

لە دەقی ڕاگەیاندنەکەدا دەڵێت " لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دانپێدانانەکانی پێنج تاوانبار ، ناوی چەند کونسوڵخانەیەک هاتبوو لە میانی کەیسەکەدا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیە لە حکومەت ، بۆیە حکومەت بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەستوەردان لە کاروباری دادگاکاندا بکات.
لە هەمانکاتدا بە ڕێز وپێزانینێکی زۆرەوە ، لە ڕۆڵی هاوپەیمانەکانمان لە دیپلوماتکاران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڕوانین ، بەتایبەتی پشتیوانیکردنمان لە شەڕی دژ بە داعش.

ئێمە پابەندین بە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کاری ڕاگەیاندن و سەروەری یاسا . بەردەوامیش دەبین لە شەڕی دژ تیرۆر و پارێزگاریکردن و پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیانمان و کونسوڵخانە و نێردە دیپلوماتییەکان لە هەرێمی کوردستان، کاری لە پێشینەمان دەبێت."

ڕۆژی پێنجشەممە کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی ناڕەزایی دەربڕی.

لە نامەیەکدا کە ئاراستەی دادگای هەولێر کرا 29 پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان داوایانلە دادگاکە کرد بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ پێنج لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی پارێزگای دهوک هەڵبوەشێنێتەوە. ڕووپاک ئەحمەد یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی نامەکەی واژۆ کردووە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دەتوانرێت تانە لە بڕیاری دادگای تەمیزیش بدرێت پارێزەرەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە تانە لەو بڕیارە دەدەن و دوای مانگێک دیسان وەڵامی تانەکە دێتەوە".

بەڵام شوان زراری ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای هەولێر سەبارەت بە داواکارییەکەی ئەو29 پەرلەمانتارە کە ئاراستەی دادگایان کردووە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت" دادگای سەرەتایی کراوە و دوایی دادگای پێداچوونەوە بڕیاری خۆی داوە و بابەتەکان یاسایین و وەکو فڕاکسیۆنی پارتی لەوانەیە پابەندی یاساکان بین، ئێمە بەرەو هەڵبژاردنێکی سەرتانسەرین لە عێراق ئەو برادەرانەی تر کە لە ئۆپۆزسیۆنن یان بەشێکیان لە دەسەڵاتن ناتوانن بەو جۆرە هەڵسوکەوتانە سەرنجی خەڵک ڕابکێشن ئەو شتانە شتی کاتینە یاسا هەیە ئەگەر ئێمە لە وڵاتێک بین ئیدیعای دیموکراسیەت و یاسادانان بکەین ئەوەتە یاسا و دادگا وا کاری خۆی دەکات".

هەر لەسەر ئەم دۆسێیە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە لە بارەی بڕیاری دادگای پـێداچوونەوەی هەولێر بۆ پەسەندکردنی بڕیاری زیندانیکردنی هەردوو ڕۆژنامەوانان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری بۆ ماوەی 6 ساڵ.

XS
SM
MD
LG