Accessibility links

فرانس پرێس: دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاری زیندانی کردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان پەسەند کردووە


دادگای پێداچوونەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕۆژی سێشەممە سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە وەک خۆی هێشتەوە کە دادگاییکردنەکەیان لەلایەن گروپەکانی مافی مرۆڤەوە ڕەخنەی زۆری لێکەوتەوە .

فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکی نێو حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەم هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە.

سەرچاوەکە گوتیەتی دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە ڕایانگەیاندووە ئەو پێنج پیاوە " پەیوەندییان بە ژمارەیەک قەوارەی بیانی و پەکەکەوە هەیە".

پارێزەری بەرگری ئاسۆ هاشم بە ئاژانسی AFP گوتووە " سێ لە پێنج دادوەرەکەی دادگای پێداچوونەوە سزاکەیان وەکو خۆی هێشتۆتەوە" کە لە 16 ی مانگی دوو لەلایەن دادگایەکەوە لە هەولێر دەرکرا.

دادوەرو ئەندامی پێشووی پەرلەمان لەتیف مستەفا ناسراو بە حاکم شێخ لەتیف، بڕیارەکەی پشتڕاست کردۆتەوە.

جێی باسە لە 16 مانگی دوو ساڵی 2020 دادگای هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر هەریەک لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاس کەرەم وهاریوان عیسا و شڤان سەعید بە تۆمەتی ئەوەی کە هەوڵی تێکدان و کاری سیخۆڕیان کردووە.

ئەو پێج پیاوە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی دژ بە حکومەت لە چەند شارو شارۆچکەی هەرێمی کوردستاندا کردبوو، یان ڕووماڵیڕووداوەکانیان کردبوو.

سەرچاوەکەی حکومەتی گوتوشیەتی " سروشتی کاری ئەم کەسانە هیچ پەیوەندیەکی بە کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکیەوە نەبوو بەڵکو بەشێک بووە لە پلانی گەورەی تێکدەرانە."

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت تۆمەتی "سیخوڕی کردن" لەسەر لە دادگا تەنها لەسەر بنەمای ئەو پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گەواهیدانی " زانیاریدەرە نهێنییەکان" بووەکە نە ئاشکرا کراون و نە لێکۆڵینەوەیان لەسەرکراوە.

بەلقیس ویڵ توێژەری باڵا لەHRW دەڵێت "ئەم پیاوانە بەهۆی خواستی لایەنگری سیاسییەوە" سزا دراون.

ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ساڵی ڕابردوو لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمیکوردستان دەڵێت " سەرکردە گەورەکان بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان کاریگەریان لەسەر دۆسێ هەستیارە سیاسییەکان هەیە".

شێروانی بە بەدواداچوونەکانی لەسەر گەندەڵی ناسراوە و لە فەیسبوکدا ڕەخنەی لە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گرتووە.

بەلقیس ویڵ ئەوەشی گوتووە بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوە " گوزارشتە لەوەی کەدەسەڵاتدارانی کورد تا چەنێک ڕێگە بە ئازادی ڕادەربڕین دەدەن."

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان لە مانگی دوو ڕایگەیاند ئەو سزایە " پڕ لە کەموکورتی و ناڕەوا بووە" و ئەوە نیشان دەدات " کە هەرێمی کوردستانی عێڕاق دەستبەرداری گرنگیدان بە ئازادی ڕاگەیاندن دەبێت."

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەو کاتەی لەمانگی دوو بڕیارەکە دراڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم " بە هەموو شێوەکان پشتگیری لە کاری ڕۆژنامەوانی و مافی ڕۆژنامەنووسان دەکات " .

ڕۆژی دووشەممە، ڕۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەوانی، رۆژنامەنووس کاروخ عوسمانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرا.

کارزان فەزل، پارێزەر و سەرۆکی سەنتەری گەشەپێدانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە سلێمانی،لیستی ناوی "74 زیندانی سیاسی"لە هەولێر و دهوک ڕاگەیاند کە سەرجەمیان وەک دەڵێت " بیروبۆچونی جودای سیاسییان هەیەیان خۆپیشاندەران بە بێ جیاوازی دەستگیرکراون بە تۆمەتی تاوانی ئەمنی یان تیرۆر".

هەتا ئامادەکردنی ئەمە هەواڵە بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.

XS
SM
MD
LG