هەر پاش یەکەم وتاری سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەبەدەم هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەمەریکا، کۆمارییەکان وەڵامی قسەکانی بایدنیان دایەوە.
سیناتۆر تیم سکات نوێنەری ویلایەتی کارۆلاینای باشور و تەنها سیناتۆری کۆماریئەمەریکایی ئەفریکایی، وەڵامەکەی کۆمارییەکانی پێشکەش کرد.
سیناتۆر سکات لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە سیاستەکانی بایدن گرت و باسی هەر لە بابەتی پەروەردەوە و کردنەوەی خوێندنگاکانەوە بگرە تا دەگاتە ئاسایشی سنوور وپێکەوە کاکردنی کۆماریی و دیمکوکراتەکان لە کۆنگرێس و چاکسازی لەناو پۆلیسدا کرد.
ئەو گوتی " دڵگرانم بەوەی ملیۆنان منداڵ ساڵێکی فێربوونیان لەدەستدا لە کاتێکدا لەدەستدانی یەک ڕۆژی خوێندنیش بۆیان زۆر بوو." هەروەها گوتیشی " بەندکردنی منداڵانە لە دەرەوەی پۆلەکانی خوێندیان، بێبەشکردنی گەورەکانە لە داهاتوویان. خوێندنگا حکومییەکانمان دەبوو چەند مانگێک لەمەوبەر بکرێنەوە. لە وڵاتانی تردا کرانەوە. خوێندنگا تایبەتەکان و ئاینییەکان کرانەوە. چەند مانگێکە بە شێوەیەکی زانستی نیشان دراوە کە خوێندنگاکان سەلامەتن."
"لە ساڵی ڕابردوو لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی کۆماریدا، ئێمە پێنج پاکێجی هاوکاری کۆڤیدی هەردوو پارتیمان پەسەند کرد. کۆنگرێس پشتیوانی لە خوێندنگاکانمان، نەخۆشخانەکانمان کرد و ئابوریمانی ڕزگارکردن و هاوکاری ئۆپەراسیۆنی خێرای کرد بۆ گەیاندنی ڤاکسینەکان بە خێراترین کات."
ئەو گوتیشی " لە مانگی دوودا کۆمارییەکان بە بایدنیان گوت ئێمە دەمانەوێت پێکەوە کار بکەین بۆ تەواو کردنی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە. بەڵام دیموکراتەکان دەیانویست بە تەنیا بڕۆن. نزیکەی 2 تریلیۆن دۆلاریان خەرج کرد لە پڕۆژە یاسایەکی یەکلایەنە کە کۆشکی سپی ستایشی دەکات و ئەوە لیبرالترین پڕۆژە یاسای مێژووی ئەمەریکا بوو. تەنها لە سەدا 1ی بۆ هەڵمەتەکانی کوتانڕۆیشت، هیچی پێویستی تێدا نەبوو بۆ دووبارە کردنەوەی خوێندنگاکان بە باشی."
لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی " کۆڤید 5 جار کۆنگرێسی کۆکردەوە بەڵام ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دابەشی کردین."
لە بەشێکی تری وەڵامی کۆمارییەکاندا سەبارەت بە بونیاتنانەوە سیناتۆر سکات گوتی " بابەتێکی تری کە پێویستە ئێمە یەکبخات بونیاتنانەوەیە. کۆمارییەکان پشتگیری هەموو ئەو شتانە دەکات کە کاتێک باس لە بونیاتنانەوە دەکرێت بیری لێ بکەنەوە: ڕێگاکان، پردەکان، بەندەرەکان، فڕۆکەخانەکان و ڕێگاکانی ئاو. ئێمە لەگەڵ ئەم هەمو شتانەداین. بەڵام جارێکی تر دیموکراتەکان دەیانەوێت خواستەکانی یەکلایەنەی خۆیان هەبێت. ئەوان تەنانەت بۆ مەبەستی پرد دروستکردن، پرد دروست ناکەن. لە سەدا 6 کەمتری پلانەکەی سەرۆک بۆ دروستکردنی ڕێگاوبانەکان وپردەکانە. ئەمە خواستی لیبراڵە بۆ بەفیڕۆدانی سەرچاوەکانی حکومەت."
بەشێکی زۆر لە کۆمارییەکانی تریش لە تویتەکانیاندا ڕەخنەی توندیان لە ڕێبازی کۆچبەری و ئاسایشی سنوری سەرۆک بایدن گرتووە.
سیناتۆری کۆماری تێد کروس نوێنەری تێکساس لە تویتێکدا ڕایگەیاند" بۆ هەمو ئەو ئەمەریکاییانەی کە ئەمشەو شتێکی باشتریان هەبوو لەوەی گوێ لە جۆو بایدن بگرن بۆ خستنەڕووی بۆچوونە سۆشیالستەکەی بۆ وڵاتەکەمان، من دەتوانم هەمو وتارەکەتان بە سێ وشە بۆ کورت بکەمەوە: بێزارکەر، بەڵام ڕادیکاڵانە."
تێد کروس لە تویتێکی تریشدا ئاماژە بە سەرنەکەوتنی بایدن لە پاراستنی سنورەکانەوە دەکات.
یەكێک لە سیناتۆرە بەناوبانگەکانی پارتی کۆماری میت ڕامنی بە لێدوانێک کە لەسەر تویتەکەی بڵای کردۆتەوە وەڵامی وتارەکەی سەرۆک بایدن دەداتەوە. سیناتۆر ڕامنی نوێنەری ویلایەتی یوتا دەڵێت "سەرۆک دەڵێت یەکڕیزی دەوێت، بەڵام یەکڕیزکردنی ئەمەریکا مەحاڵە ئەگەر تۆ تەنها داوا لە باڵی لیبراڵی نێو پارتەکەی خۆت بکەیت. با بگەڕێینەوە سەر کاری حوکمڕانی دوو لایەن— ئێمە ئامادەین کاری لەگەڵ بکەین"
ڕامنی گوتیشی "سەرۆک لە 100 ڕۆژی یەکەمی کارکردنیدا 6 تریلیۆن دۆلاری پێشنیار کردووە بۆ خەرجی نوێ ، نزیکەی چوار هێندەی بودجەی گشتی فیدراڵیمان! ئەو بڕە خەرجکردنانە داهاتووی منداڵەکانمان دەخاتە مەترسیەوە و بارگرانی دەیان ساڵی ڕێژەی قازانج دەخاتە سەر شانیان."
سیناتۆر جۆن باراسۆ – کۆماری نوێنەری وایۆمینگ لە تویتێکدا لەسەر وتارەکەی سەرۆک بایدن دەڵێت " وتارەکەی جۆو بایدن ئەم شەو ڕەنگە باسی یەکڕیزی و کاری کردبێت، بەڵام کردارەکانی لە یەکەم 100 ڕۆژی کارکردنیدا هەمو شتێک بووە بەس ئەوە نەبێت. کۆمارییەکان خەبات دەکەن لە پێناو بەهاکانی ئەمەریکا و بەردەوام دەبن لە دژایەتی کردنی بەرزکردنەوەی ڕێژەی باج و قەرزکردن و خەرجکردنی بێئەندازە."