ڤاکسینی کۆڤید-19 ی کۆمپانیای دەرمانسازی جۆنسن & جۆنسن ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی زیاتر دەبێتەوە لەلایەن کاربەدەستانی تەندروستی حکومەتی ئەمەریکاوە.
دکتۆر ڕۆشێل والێنسکی بەڕێوەبەری نێوەندی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لەنەخۆشیەکان ( CDC ) ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ئاژانسەکە بەدواداچوون دەکات بۆ ڕاپۆرتەکانی چەند دۆسێیەکی تری زیانە لاوکییەکانی کە لەوانەیە پەیوەندی بەو ڤاکسینەوە هەبێت کە بە یەک بەش لێدەدرێت.
والێنسکی لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند ئاژانسەکە " دەزانێت کە حاڵەتەکان زۆر نین، بەڵام ئێمە چاودێری دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چی تر دەبینین."
ڕێکخراوی CDC و بەرێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا (FDA) پێکەوە لە هەفتەی ڕابردوو داوایان لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای جۆنسن & جۆنسن کرد هەڵمەتی کوتانەکە ڕابگرێت پاش ئەوەی شەش ژنی تەمەن 18 بۆ 48 ساڵان دووچاری مەینی خوێنی دەگمەن بەڵام زۆر خراپ بوون لە پاش ئەوەی ڤاکسینەکەیان وەرگرتبوو. ژنێک لەوانە گیانی لەدەستدا و یەکێکیشیان ڕەوشی زۆر خراپت بوو و لەنەخۆشخانە مایەوە.
نزیکەی 7 ملیۆن ئەمەریکایی ڤاکسینی جۆنسن & جۆنسنیان لێداوە لەوکاتەوەی کە ڤاکسینەکە پەسەند کرا.
ڤاکسینی جۆنسۆن و جۆنسۆن ڕێژەیەکی کەم لە دابینکردنی ڤاکسینی ئەمەریکا پێک دەهێنێ، بەڵام شارەزایان دەڵێن، کە ڕەنگە کێشەکە وا لە خەڵکی باکات زیاتر دوودڵبن لە کوتان.
دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی سەرۆکی پەیمانگای نیشتمانی بۆ نەخۆشیەکانی هەستیاری و هەوکردنی دەڵێت پێشبینی دەکات پانێڵی ڕاوێژکاری CDC سەربەخۆ ڕاگرتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە کاتێک لە کۆتایی ئەم هەفتەیە جارێکی تر کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی نێوەندی لێکۆڵینەوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی جۆنس هۆپکنس، هەتا ڕۆژی سێشەممە زیاتر لە 142 ملیۆن و سەد هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا توشی کۆرۆنا بوو و زیاد لە 3 ملیۆن کەس بەهۆی ئەم پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە.