Accessibility links

ئەمەریکا 10 دیپلۆماتی ڕوسیایی لە وڵاتەکە دەردەکات و خولێکی نوێی سزای ئابوریش دەسەپێنێت


بەڕێوەبەرایەتی بایدن ڕۆژی پێنجشەممە دەرکردنی 10 دیپلۆماتی ڕوسیایی و سەپاندنی سزای بەسەر زیاتر لە 30 کەس وکۆمپانیا ڕایگەیاند لە کاتێکدا کرملینی بەرپرسیار کرد بەرامبەر دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ڕابردوو و هاککردنی ئاژانسەکانی فیدراڵی ئەمەریکا.

ئەو کردارانەی بەڕێوەبەرایەتی بایدن کە ماوەی چەند هەفتەیەکە پێشبینی دەکرا، بە یەکەم تۆڵەکردنەوە دژی کرملن بۆ هاککردنەکان دادەنرێت. بڕوا دەکرێت لەو هاککردنەدا هاککەرەکانی ڕوسیا بە شێوەیەکی فراوان بەرنامەی کۆمپوتەرییان بە کۆدی زیانبەخشەوە بەکارهێناوە تا بڕۆنە نێو بەلایەنی کەم سیستمەکانی 9 ئاژانسەوە کە کاربەدەستانی ئەمەریکا لەو بڕوایەدان بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیارییەکان بووە بۆ بەدەستهێنانی نهێنی حکومەت.

جگە لەو هاککردنانە، کاربەدەستانی ئەمەریکا لە مانگی ڕابردوودا گوتیان سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن گوایە، ڕێگەی داوە بە کارکردنە سەر ئۆپەراسیۆنەکان تا هاوکاری دانۆڵد ترامپ بکرێت لە هەوڵە سەرنەکەوتووەکەی بۆ مانەوەی وەکو سەرۆک. هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک نییە کە ڕویسا یان لایەنێکی تر دەنگەکانیان گۆڕیبێت یان ئەنجامەکانیان بە ئاراستەیەکی تردا بردبێت.

ئەو ڕێوشوێنانەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕاگەیەندران ، سزاکان لەسەر شەش کۆمپانیای ڕوسیا دەگرێتەوە کە پشتیوانی چالاکییە سایبریەکانی ئەو وڵاتە دەکەن، جگە لەسزاکانی سەر 32 کەس و قەوارە کە تۆمەتبارن بەهەوڵدان بۆ دەستتێوەردان لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی ڕابردوودا، لەوانەش بەبڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەو 10 دیپلۆماتەش کە دەریان دەکەن، نوێنەری دەزگای هەواڵگریی ڕوسیاش لە خۆ دەگرێت.

کۆشکی سپی هەروەها گوتی بایدن کەناڵەکانی دیپلۆماسی و سەربازی و هەواڵگری بەکاردەهێنێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە دەڵێن ڕوسیا هانی تاڵیبانی داوە کە هێرش بکاتە سەر سوپای ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان لەسەر بنەمای " باشترین هەڵسەنگاندنەکانی " ی دەزگا هەواڵگیریەکان .









XS
SM
MD
LG