Accessibility links

سەرۆک بایدن داوا دەکات هەتا سەرەتای مانگی پێنج ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ هەموو ئەمەریکاییەک دەستەبەربێت


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جۆو بایدن ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە هەر 50 ویلایەتەکەکان و ناوچەکان و حکومەتە خۆجێییەکان کرد، هەتا مانگی پێنج ڤاکسین بۆ هەموو دانیشتوانی تەمەن هەژدە ساڵ بەسەرەوە ئامادە بکەن.

لە وتارە تەلەفیزیۆنییەکەیدا بۆ گەلی ئەمەریکا بایدن گوتی " ئەمە زۆر زووترە لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا، بەڵام مانای ئەوە نییە هەتا ئەو کاتە هەموان دەستبەجێ ڤاکسینەکە لێدەدەن، بەڵکو مانای ئەوەیە دەتوانیت لە یەکی مانگی پێنجەوە بچیتە نۆبەوە."

کاربەدەستێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتییەکە بەر لە وتارەکەی سەرۆک بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند هەتا کۆتایی مانگی پێنج چاوەڕوان دەکرێت وڵاتەکە ئەوەندە کەرەستەی ڤاکسینی هەبێت کە بەشی هەموو کەسێکی تەمەن هەژدە ساڵ بەسەرەوە بکات.

پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەوکاتەی کە کۆڤید-19 لە ئەمەریکا بڵاوبوویەوە ، بایدن ئامانجی ئەوەیە هەتا ڕۆژی سەربەخۆی ئەمەریکا لەم ساڵ ڕێگە بدرێت ئاهەنگگێڕان و کۆبونەوەی سنووردار.

بایدن گوتی " هەتا 4 ی مانگی 7، شیانێکی زۆر هەیە، خێزان و هاوڕێکانتان بتوانن پێکەوە کۆببنەوە لە حەوشەکەتان یان گەڕەکەکانتان و بۆ ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا سەیران ئەنجام بدەن."

هەرچەندە گوتیشی، " ئەمە مانای ئەوە نییە بتوانن بۆنەی گەورە ئەنجام بدەن و خەڵکێکی زۆر کۆببنەوە. بەڵام دەتوانن گروپی بچووک پێکەوە کۆببنەوە پاش ماوەیەکی زۆر و ساڵێکی سەخت ڕۆژی سەربەخۆیی ئەم ساڵ بە ڕاستی تایبەت بکەن، کە تیایدا نەک تەنها ئاهەنگی ڕۆژی سەربەخۆییمان بگێڕین بەڵکو دەست بە ئازادییەکانمان لەم ڤایرۆسەش بکەین."

بەر لە وتارەکەی سەرۆک بایدن لە 50 هەمین ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا، بەڕێوەبەرایەتییەکەی بڵاوکردنەوەی 4 هەزار سەربازی بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵمەتی کوتان ڕاگەیاند، بەمەش ژمارەی ئەوە سەربازانەی بۆ ئەو مەبەستە لە سەرانسەری وڵاتەدا بڵاودەکرێنەوە دەگاتە 6 هەزار سەرباز.

بە پێی وتەی کاربەدەستان، پزیشکی ددان، پەرستار، یاریدەدەری پزیشک و ڤێتێرنێری لەگەڵ خوێندکارانی پزیشکی و خزمەتگوزاری تەندروستیش ڕێگەیان پێدەدرێت لە هەڵمەتی کوتاندا بەشداری بکەن.

سەرۆک بایدن ڕەخنەی لە وەڵامە سەرەتاییەکانی بەڕیوەبەرایەتی پێشووی ترامپ گرت ،کە پاشان لێکۆڵینەوەکان و بەرهەمهێنانی ئەوڤاکسینەی ئێستا بەکاردێت خێراکرد. ئەو گوتی ساڵێک لەمەوبەر ڤایرۆسەکە " بەبێ دەنگی بڵاوبوویەوە بۆ چەندین ڕۆژ، هەفتە و مانگ نکوڵی لێکرا. ئەمەش بووە هۆی مردنی زیاتر و بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە و فشار و تەنیایی زیاتر."

بایدن کاتێک باسی لە سەختییەکانی ساڵی ڕابردوو کرد گوتی،" لە کاتێکدا جیاوازبوو بۆ هەموان، ئێمە هەمومان شتێکمان لەدەستدا."

تەنانەت لە کاتێکدا هەزاران خوێندنگا و پۆلەکانی خوێندن هێشتا بە داخراوی ماونەتەوە و ملیۆنان کەس هێشتا بێکارن، ئاماژەیەک هەیە کە لەسەرخۆ ڕەوشەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات. ژمارەیەک لە حکومەتانی ویلایەتەکان کۆتوبەندەکانیان کەمکردووەتەوە ڕێگەیان داوە دووکان و بازاڕەکان بکرێنەوە سەرەڕای هۆشدارییەکانی کاربەدەستانی تەندروستی حکومەتی فیدراڵی کە ڕەنگە کردنەوەی شوێنەگشتییەکان زۆر زوو ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆڤید-19.

بەڵام سەرۆک هێشتا دەڵێت پێویستە زۆر ئاگاداربین " ئەگەر ئێمە هۆشیار نەبین و ڕەوشەکە بگۆڕدرێت ئەوا ڕەنگە پێویست بکات کۆت و بەندەکان دانێینەوەو بۆ ئەوەی جارێکی تر بێینەوە سەرخۆ."

لەکاردانەوە بەرامبەر ئەم وتارەی سەرۆک بایدن یاسادانەرێکی کۆماری گوتی پەیامەکەی بایدن سەرسەختانە بووە لە کاتیکدا سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی پێشووی نەکردووە بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە.

سیناتۆری کۆماری بیل هاگەرتی تێنسی گوتی، " پەیامەکەی ئەمشەوی هەڕەشەیەکی داخستنی زیاتر بوو نەک یەکڕیزی، ئەمەش ئەو ئاراستەیە نییە کە ئەم وڵاتە پێویستی پێیەیەتی و دەیەوێت بەو ئاراستەیەدا بڕوات."

هاگەرتی کە ترامپ دەستنیشانی کرد بۆ باڵیۆزی ئەمەریکا لە ژاپۆن لە تویتێکدا ئەوەشی وتوە کە بایدن "هیچ سوپاس و پێزانینێکی بۆ ڕێبەرایەتی (ترامپ) نیشان نەدا کە بووە هۆی ئۆپەراسیۆنی بەپەرچدانەوەی خێرا و پەرەسەندنی ڤاکسینێکی سەلامەت و کاریگەر".

XS
SM
MD
LG