Accessibility links

ڕۆژنامەوانێکی کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی ئەمەریکا دەستگیرکرابوو دادگایی دەکرێت


دادگایەک لە ویلایەتی ئایۆوای ئەمەریکا لە ڕۆژی دووهەمی دادگاییکردنی ڕۆژنامەوانێکدا گوێبیستی قسەکانی ئەو ڕۆژنامەوانە دەبێت کە لە میانەی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی " ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگن" لە شاری دێ مۆین لە مانگی 5ی ساڵی ڕابردوو دەستگیر کرابوو.

ئاندریا ساهوری، پەیامنێری ڕۆژنامەی دێ مۆین ڕیجستەر، بە سپرای بیبەر هێرشی کرابووە سەر و بۆ ماوەیەکی کورتیش دەستگیر کرابوو کاتێک پێکدادان لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران ڕوویدا لەو خۆپیشاندانانەی کە لەسەر مەرگی جۆج فلیۆد لە میناڵسی میناسۆتەوە دەستیپێکرد. لەو کاتەدا ساهوری خۆشەویستەکەی ئەو کاتەیسپێنسەر ڕۆنێت بوو ئەویش ڕووبەڕووی هەمان تۆمەتی شکست هێنان بۆ پەرتبوون و دەستتێوەردان لە کردەوەی فەرمی بووەتەوە.

دادوەرێکی بەرگری ڕۆژی دووشەممە بە دەستەی سوێندخوارانی ڕاگەیاند ساهوری بە هەڵە دەسگیر کرابوو لە کاتێکدا خەریکی ئەنجامدانی کاری خۆیبوو وەکو ڕۆژنامەوانێک.

لە میانەی خۆپیشاندانەکانی 31 ی مانگی 5 دا، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران بوتڵی ئاو و بەردیان گرتە پۆلیس. هەندێکیش پەنجەرەی دووکانەکانیان شکاند و زیانیان بە بازاڕەکان گەیاند.

ئەفسەری پۆلیس لوک ویڵسن لە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ساهوری ناوچەکەی شوێنەکەی بەجێنەهێشتبوو سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک گازی فرمێسکڕژێن بەکارهێنرابوو بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و گوتیشی لەو کاتەدا نەیانزانیبوو کە ڕۆژنامەوانە.

ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساغبێتەوە ئەوا ڕەنگە ڕووبەڕووی 600 دۆلار سزای دارایی و هەتا 30 ڕۆژیش زیندانی کردن ببێتەوە، هەرچەندە ئاژانسی ئەسۆشیەتد دەڵێت زیندانی کردن بۆ ئەم مەبەستە شتێکی نائاساییە.

ئەم دۆسێیە سەرنجی گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانی ئازادی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەگەری و دەزگا هەواڵییەکانی ڕاکێشا کە داوایان لە دەسەڵاتداران کرد تۆمەتەکان هەڵبگرن و دەڵێن ساهوری تەنها کاری ڕاگەیاندنی ئەنجامداوە.

دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەی دێ مۆین ڕجستەر بابەتێکی بیروڕایان بڵاوکردۆتەوەو تیایدا دەڵێن " ئەم دادگاییکردنە بە هەمو جۆرێک سەرپێچیکردنی ئازادی ڕاگەیاندن و لە ناوبردنی دادپەروەرییە."

کاربەدەستان سورن لەسەر ئەوەی ڕۆژنامەوانان مافی ئەوەیان نییە فەرمانەکانی پۆلیس پشگوێبخەن و دەشڵێن نزیکەی 90 خولەک پێش ئەوەش فەرمانێکی لەو جۆرەیان پێدابوو.

دەزگای بەدواداچوونی ئازادی ڕاگەیاندن لە ئەمەریکا، کە چاودێری سەرپێچیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن دەکات، دەڵێت ئاگای لە دادگاییکردنی هیچ ڕۆژنامەوانێک لە ئەمەریکا لەواتای ساڵی 2018 وە نییە.

گروپەکە دەڵێت لە میانەی نائارامییە کۆمەڵایەتییەکانی ساڵی 2020 زیاتر لە 125 ڕۆژنامەوان لە سەرانسەری وڵات دەستگیر کران. 13 کەس لەوانە لە ناویاندا ساهوری هێشتا ڕووبەڕووی تۆمەتەکان دەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG