Accessibility links

خلوسی ئاکار: پەکەکە 13 هاووڵاتی ئێمەی کوشتووە


وەزیری بەرگری تورکیا خلوسی ئاکار ڕۆژی یەکشەممە باسی لە ئۆپەراسیۆنەکەیان دژی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەی گارە کرد و ڕایگەیاند لە دەی مانگی دوو ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی بە ناوی چنگی هەڵۆ-2 دەستیپێکردووە.

ئەو گوتیشی 13 تورک لە ناو ئەشکەوتێکدا بە کوژراوی دۆزراونەتەوە.

ئەو کوژراوانەی ئاکار باسی لێوە کردووە بریتین لە 9 پۆلیس و سەرباز و دوو ئەندامی میتی تورکیاش.

11 پۆلیس و سەرباز لە ساڵی 2015 هەتا 2017 لە کات و شوێنی جیاوازدا لەلایەن پەکەکەوە دەستگیرکراون. هەردوو ئەندامەکەی میتی تورکیا لە ساڵی 2017 لە سلێمانی گیراون.

وەزیری بەرگری تورکیا ئاکار گوتیشی " لە بنەڕەتدا یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕزگارکردنی 13 هاووڵاتی بوو، بەڵام لە کاتی گەڕانی سەربازەکان لە نێو ئەشکەوتەکان تەرمی 13 هاووڵاتی دۆزراوەتەوە. پەکەکە 13 سەربازی کوشتووە کە 12 لەوانە گولە بەرسەریان کەوتووە."

سەرۆکی مەهەپە دەولەت باهچەلی‌ش گوتی " هەر کەسێک بیەوێت پەکەکە لە ئاست ئەم هێرشە بە بێتاوان نیشان بدات، ئەوانیش بەشدارن لە کوشتنی 13 هاووڵاتی و ئەوانیش تیرۆرستن."

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لەوە کردووە کە خێزانەکانی ئەو سەرباز و پۆلیسانە چوارجار لە پەرلەمان سەردانیان کردوون و داوای یارمەتییان لێکردوون. و دەڵێت"هەموو هەوڵەکانمان لە پەرلەمان بێ ئەنجام بوون. و ئێستاش حکومەت ئێمە تۆمەتبار دەکات.بەڵام ئەگەر دەسەڵات ڕێگەی بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بدابا ، بۆ پاڵپشتی کردنی خێزانەکان هیچ ئەنجامێکی لەو جۆرەی لێنەدەکەوتەوە بەڵام دەسەڵات ئەرکی خۆی بەجێ نەگەیاند، بۆ ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری کە مەبەستەکەی ڕوون نییە، کوشتنی بەدیلگیراوەکانیشی لێکەوتەوە. پارتی ئێمە هەر لەگەڵ خێزانەکاندا بوو بەڵام ئێستا دەیەوێت لە کوشتنی ئەو سەربازانەش ئێمە وەک تاوانبار نیشان بدات."

هەدەپە لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت " دەسەڵات لە بری ئەوەی لەئێمە دەپرسێتەوە، پێویستە حیسابێک بۆ خێزانەکان و کۆمەڵگەی سڤیل بکات. هەروەها دەبێت پەکەکەش لێدوان بۆ ڕایگشتی بدات لەسەر ئەوەی ئایا ئەوان بەرپرسیارن لە کوشتنی ئەو کەسانەی کە ئامانەتی ئەوان بوون یان نا."

لە لە مانگی شەشی ساڵی 2018 ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڤیدیۆی 11 پۆلیس و سەربازی بڵاو کردەوە. لە ڤیدیۆکاندا سەرباز و پۆلیسەکانی ژێردەستی پەکەکە، داوا لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن، کە پشتگیرییان بکەن.

پاش بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە، خێزانەکانی ئەوان لەگەڵ سەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئامەد ئوزتورک تورکدۆغان لێدوانێکیان داو تیایدا داوای یارمەتییان لە سەرۆک کۆمار و پارتە سیاسییەکان کرد.

تورکدۆغان کە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا هەوڵێکی زۆری دابوو بۆ ڕزگارکردنیان، بەم هەواڵە زۆر دڵگران بوو و ڕایگەیاند " ئێمە زۆرجار هەوڵماندا، بەڵام بەداخەوە هەموجارێک دەستمان بەتاڵ بوو. هەموجارێک دەوڵەت پێی دەگوتین دانوستاندن لەگەڵ تیرۆرستان ناکەن. پارتە سیاسییەکان بە ئاشکرایی پشتیوانیان نیشان نەدا. خێزانەکانی ئەو پۆلیس و سەربازانەش بەبێ پشتوانی مانەوە."

زانیاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەی پەیامنێرمان لە ئامەد ببیستە.

XS
SM
MD
LG