Accessibility links

پرۆسەی دادگاییکردنی ترامپ لە ئەنجومەنی سینات بەردەوامە


داواکارانی گشتی لە دادگاییکردنەکەی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا، ڕۆژێکی تریان بەدەستەوەیە بۆ خستنە ڕووی دۆسێکەیان لە ڕۆژی پێنجشەمە کە وەک دەڵێن ترامپ هانی هێرشە کوشندەکەی مانگی ڕابوردووی دابوو بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا.

داواکارانی گشتی کە لە ئەندامە دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران پێکهاتوون، ڕۆژی چوارشەممە چەندین وێنەو گرتە ڤیدیۆیی ئاژاوەکە، کە پێشتر بڵاو نەکرابۆوە، خستە بەردەم ئەو سیناتۆرانەی کە وەکو دەستەی سوێندخۆران لە دۆسێکەدا کار دەکەن.

لە گرتە ڤیدیۆکاندا نیشان دەدات، سەدان لە یاخیبوانی لایەنگرانی ترامپ، کە خۆی هانیداون بچن بۆ کۆنگرێس و هەوڵ بدەن پەسەند کردنی فەرمی دەنگی نوێنەرانی دەنگدان ڕابگرن، هوروژوم دەبەنە نێو بینای کۆنگرێس و دەچنە نێو هەردوو خانەی کۆنگرێسەوە. ئەندامانی کۆنگرێس لە ئەنجامی ئەو هوروژمە هەڵدێن و خۆیان دەشارنەوە و فایلەکانیان لەسەر مێزەکان ماوەوژمارەیەک لە گێرەشێوێنەکان کە دەچنە نێو کۆنگرێسەوە بە نێو فایلی بەڵگەنامەکانیاندا دەگەڕێن.

گرتە ڤیدیۆکانی شەشی مانگی یەک نیشان دەدەن هەندێک لە گێرەشێوێنەکان هاوار دەکەن لە کاتێکدا هەوڵ دەدەن جێگری سەرۆکی پێشوو مایک پێنس بدۆزنەوە و هەڵیواسن چونکە ئامادە نەبوو داواکاری ترامپ بەجێبگەیەنێت بۆ ڕێگری کردن لە بەفەرمی ناساندنی دەنگی نوێنەران بۆ ئەوەی ترامپ و پێنس بۆ چوارساڵی تر لەسەر دەسەڵات بمێننەوە.

ڤیدیۆکانی تریش نیشان دەدەن ژمارەیەکی تریش لە گێرەشێوێنەکان زۆر بە دوای نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەگەڕێن.

خۆپیشاندەرەکان هورەژمیان بردە نێو ئۆفیسەکەی پیلۆسی، بەڵام داواکارانی گشتی دەڵێن پێش ئەوە کاربەدەستان بە سەلامەتی لە کۆنگرێس دەریان کردبوو، هەرچەندە ژمارەیەک لە ستافەکەی لە ژوورێکی کۆنفرانسی نزیک لە ژێر مێزەکان خۆیان حەشاردابوو.

بەڕێوەبەرای کاروباری پرۆسەی بەرێوەبردنی لێپێچینەوەکە (ئیمپیچکردنەکە) ستێسکی پلاسکێتی نوێنەری دوورگەکانی ڤێرجن بە سیناتی 100 ئەندامی ڕاگەیاند " گێرەشێوێنەکان بە دوای (مایک) پێنس دەگەڕان بۆ ئەوەی لەبەر نیشتیمانپەروەری ئەو بیکوژن."

بەڕێوەبەرێکی تری بەڕێوەبردنی کاروباری ئیمپیچکردنەکە، ئەندامی کۆنگرێس ئێرک سوالوێلی نوێنەری کالیفۆرنیا، باسی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کرد کە بە کامێرای چاودێری ناو بیناکە گیراوە، و بە یاسادانەرانی گوت " هەمومان دەزانین ئەو ڕۆژە ناخۆشە، دەکرا زۆر شتی خراپتریشی لێبکەوتایەتەوە."

پێشتریش بەڕێوەبەری باڵای کاروبارەکانی ئیمپیچکردن، لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەندامی کۆنگرێس جەمی ڕاسکین نوێنەری ویلایەتی مەریلاند، ڕایگەیاند ترامپ "تەماشاکەرێکی بێتاوان نەبوو" لەم توندوتیژییانەدا.

ڕاسکین و یاسادانەرە دیموکراتەکانی تر دەڵێن ترامپ لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا زەمینەسازی بۆ ئەو هوروژمە سازکرد بە کۆمەڵێک ئیدیعای نەسەلمێندراو لەسەر هەڵبژاردنەکان کە دەیگوت هەڵبژاردنەکان ساختەکاری تێدا کراوە لە دژی ئەو.

ڕاسکین دەڵێت گوایە تراپ بە، هاندانی سەدان لە لایەنگری بۆ "شەڕکردن بەبێ وەستان" لە شەشی مانگی یەک ڕووبەڕووی یاسادانەرانی کۆنگرێس بۆوە، هانی ئەو ئاژاوەیەی دا کە بووە هۆی کوشتنی پێنج کەس لە ناویاندا پۆلیسێکی کۆنگرێسیش.

سەدان لە پشتیوانانی ترامپ، بە گوێرەی کاربەدەستانی چەسپاندنی یاسا، نزیکەی 800 کەس لە شەشی مانگی 1 هوروژمیان بردە سەر بینای کۆنگرێس و دەستیان کرد بە شکاندنی پەنجەرەکان و پاڵنان بە دەرگاکانەوە تا چوونە ناو بیناکە پاشان لەوێ دەستیان کرد بە تاڵانکاری لە ئۆفیسەکانی یاسادانەران و بەگژ پۆلیسدا چوونەوە. دەیان گێرەشێوێن، کە زۆربەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شانازییان بەوە دەکرد چوونەتە نێو هەردوو خانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا، تاوانبار کراون لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس کە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئیمپیچکردنەکە دەستنیشان کراون دەیان پۆستی تویتەر و گرتەی ڤیدیۆییان نیشانداوە کە تیایدا ترامپ دەڵێت گوایە هەڵبژاردنەکان فرتوفێڵی تێدا کراوە و پشتیوانانی هاندەدات لە شەشی مانگی 1 لە واشنتن ئامادەبن لەو کاتەی کۆنگرێس کۆبۆوە بۆ بەفەرمی ناساندنی ئەنجامەکانی دەنگی نوێنەران کە بە 306 بەرامبەر بە 232 لە بەرژەوەندی بایدن بوو.

پاش نزیکەی چوار کاتژمێری ئاژاوە، یاسادانەران سەرکەوتنی بایدیان لە نیوەشەوی حەوتی مانگی 1 بە فەرمی مۆر کرد و ترامپ بوو بە یەکێک لەو سەرۆکانەی مێژووی ئەمەریکا نەیانتوانی تێرمی دووهەم ببنەوە.

ڕاسکین دەڵێت پرۆسەی بە فەرمی پەسەند کردنی دەنگی نوێنەران کە خۆی پرۆسەیەکی ڕۆتینە، هی ساڵی 2021 هەمیشە وەکو ڕۆژێکی " شەرمەزاری" دێتەوە یاد.

جۆو نیگۆسی نوێنەری کۆلۆرادۆ، دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند لە کۆبونەوەی لایەنگرانیدا بەر لە هوروژمەکەی سەر بینای کۆنگرێس، ترامپ " هەوڵی دا گواستنەوەی دەسەڵات ڕابگرێت هەرچەندە هەڵبژاردنەکانیشی دۆڕاندبوو."

ئەو بەڕێوەبەرەی کاروباری ئیمپیچکردنەکە گوتیشی " هێرشەکە لەلایەن سەرۆکەوە هاندرا، دەکرا پێشبینی بکرێت و ڕێگری لێبکرێت. ئەو دەسەڵاتی ڕاگرتنی ئەو هێرشەی هەبووو نەیکرد."

پلاسکت گوتی گێرەشێوێنەکان " ئەرکی سەرۆکەکەیان بەجێگەیاند. ئەو دەیزانی ئەوان دەتوانن چ جۆرە توندوتیژییەک بکەن."

ئەندامی کۆنگرێس مادلین دین نێونەری پەنسلڤانیا، گوتی کە ترەمپ " زۆر بەپەرۆش بوو بۆ ئەوەی بە هەر ڕێگایەک بێت دەسەڵاتەکەی بهێڵیتەوە." ئەو یاسادانەرە دیموکراتە گوتی ترامپ " ڕێک ئەوەی دەیویست خۆپیشاندەران بیکەن" پێیانی گوت.

ئەو هەندێک لە قسەکانی ترامپیشی کردەوە و گوتیبە خۆپیشاندەرانی ڕاگەیاند " ئێمە هەرگیز کۆڵ نادەین. هەرگیز دان بە شکستدا نانێین".

پاش ئەوەی بەڕێوەبەرانی کاروباری لێپێچینەوەکە (ئیمپیچکردن)، کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەستنیشان کراون، لە ڕۆژی پێنجشەممە خستنە ڕووی دۆسێکەی خۆیان تەواو کرد، پارێزەرەکانی ترامپ هەتا 16 کاتژمێریان بەدەستەوەیە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی بەرگری لێی لە ڕۆژی هەینی و شەممە.

پارێزەرەکانی ترامپ دەڵێن ئەو هیچ بەرپرس نییە لەو هێرشەی کرایە سەر کۆنگرێس.

ئەوان دەڵێن قسەکانی ترامپ بە گوێرەی یەکەم بەندی دەستوری ئەمەریکا ڕێگەپێدراو بووە.

ئەنجومەنی سینات ڕۆژی سێشەممە بە 56-44 دەنگی دا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دادگاییکردنەکە، ئەو بانگەشەیەی ترامپی ڕەتکردەوە کە دەڵێت دادگاییکردنەکەینادەستوورییە لە کاتێکدا لەسەر دەسەڵات نەماوە.

شایانی تاوانبارکردنی ترامپ پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەکانی سینات هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە پێویستە 17 ئەندامی کۆمارییەکانیش دەنگیان بخەنە پاڵ دیموکراتەکان.

درەنجامەکەی هەر چییەک بێت، ترامپ بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا دوو جار لە ئەنجومەنی نوێنەران ئیمپیچبکرێت.

هاوکات دانۆڵد ترامپ داوای دیموکراتەکانی بۆ وەڵامدانەوەیان ڕەتکردۆتەوە و بڕوا ناکرێت لە دادگاییکردنەکە ئامادە بێت.

XS
SM
MD
LG