ڕۆژی یەکشەممە گەورەترین ڕێوڕەسمی وەرزشی ساڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنجام درا. یاری کۆتایی فوتباڵی ئەمەریکایی لە نێوان تیمەکانی تامپابەی باکنێرس و کەنساس ستی چیفس بەڕێوە چوو. تامپابەی بەکنێرس بە 31 خاڵ بەرامبەر بە 9 خاڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
یارییەکەی ئەم ساڵ بە پەیامی سەرۆک جۆو بایدن و خانمی یەکەم جیل بایدن دەستی پێکرد. کە تیایدا سوپاسی کارمەندانی تەندروستییان کرد و داوایان لە خەڵکی کرد ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەجێ بگەیەنن.
سەرۆک گوتی " دەمامک بپێچن، ڕێماییەکانی دوورکەوتنەوە لە یەک بەجێ بگەیەنن، تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن و کاتێک نۆبەتان هات ڤاکسین لێبدەن."
پاشان سەرۆک داوای لە بینەرانکرد ساتێک بێدەنگی بپارێزن بۆ ڕێزلێنان لەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆیسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
هەر لە ڕێوڕەسمی پێشدەستپێکردنی یارییەکەی کە لە شاری تامپا لە ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەچوو، شاعیری لاو ئەماندا گۆرمان، کە بە شیعرێکی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک بایدن لە مانگی ڕابردوو ناوبانگێکی زۆری دەکرد، شیعرێکی خۆی بە ناوی " کۆرسی سەردێڕەکان" کردە دیاری بۆ سێ کەس بەهۆی هاوکارییەکانیان لە دەمی پەتای کۆرۆنادا. ئەوانەش مامۆستا ترایماین دەیڤس، پەرستار سوزی دۆرنەر و سەربازێکی دێرینی هێزی مارینز جەیمس مارتن. گۆرمان شیعرەکەی ڕاستەوخۆ لە یاریگەکەوە پێشکەش نەکرد بەڵکو بە پەیامێکی تۆمارکراوی ڤیدیۆ پەخشکرا و لەگەڵیدا دۆرنەر، دەیڤس و مارتن نیشان دران کە لە یاریگەکە ئامادە بوون.
ئەم یارییەی کە بەر سوپەر بەوڵ بەناوبانگە، هەمو ساڵێک لە یەکەم یەکشەممەی مانگی دوو بەڕێوە دەچێت. هەرچەندە ئەم ساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا یارییەکە جیاوازتر بەڕێوە چوو. تەنها 25 هەزار کەس لە یاریگەکە ئامادە بوون بۆ بینینی یارییەکە ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمترە بە بەراورد لەگەڵ نزیکەی 70 هەزاری ساڵی ڕابردوو. هەروەها ئەمساڵ جۆرە بیلیتێکی نوێ فرۆشراوە ئەوەش بۆ ئەو خەڵکانە بوو کە کڕیویانە تا لەبری ئەوەی خۆیان لەوێ بن وێنەکەیان لەسەر کورسییەکە دابنێن.
زیاتر لە 100 ملیۆن ئەمەریکایی لە تەلەفیزیۆنەوە بینەری ئەم یارییە بوون.
یارییەکەی ئەمساڵ یارییەکی مێژووییش بوو بەهۆی ئەوەی بۆ یەکەم جار ژنێک بەشدار بوو لە دەستەی ناوبژیواناندا. سێرا تامس یەکەم ژنە کە ناوبژیوانی سوپەر بەوڵی کردبێت لە ئەمەریکا.
ڕۆژی سوپەر بەوڵ ڕەهەندێکی گەورەی ئابووریشی هەیە کۆمپانیا گەورەکان بە ملیۆنان دۆلار دەدەن بۆ تەنها 30 خولەکی ڕیکلام لە نێوان یارییەکەدا. هەروەها نیو کاتژمێری ناوبڕی یارییەکە کۆنسێرت و نمایشی جیاجیا بەڕێوە دەچێت. لە سوپەر بەوڵی ئەمساڵ هونەرمەندی کەنەدی ئەبێل تێسفای لە کاتی ناوبڕەکەدا چەند گۆارانییەکی بە نمایشێکی نایابەوە پێشکەش کرد.
لە کۆتایی یارییەکەشدا بە ڕێوڕەسمێکی تایبەت باشترین یاریزانی خولەکە تۆم برێدلی دەستنیشان کرا، کە هەتا ئێستا حەوت سوپەر بەوڵی بردۆتەوە.
یارییەکەی ڕۆژی یەکسەممە 55 هەمین سوپەر بەوڵی ئەمەریکا بوو. وەرزی نوێی فوتباڵ لە مانگی نۆ هەتا مانگی 2 بەردەوامە، و هەمو ساڵێک ئەم پێشبڕکێیە لە نێوان 32 تیمی فوتباڵی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت.