Accessibility links

کەسایەتی ناوداری ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن ئەمەریکا لاری کینگ لە تەلەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات


لاری کینگ کەسایەتی ناوداری تەلەفیزیۆن و ڕادیۆی ئەمەریکا کە زیاتر لە نیو سەدە بەردەوام بوو لە وتووێژەکانی لەگەڵ ڕێبەرانی جیهان و کەسە ناودارەکاندا ڕۆژی شەممە لە تەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئۆرا میدیا، ئەو ستۆدیۆ و تۆڕەی کە خۆی هاودامەزرێنەری بوو، لە تویتێکدا ڕایگەیاند کینگ لە نێوەندی پزیشکی سیدەرس-ساینای شاری لۆس ئەنجلس کۆچی دوایی کردووە. هۆکاری مردنەکەی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام پێشتر کەناڵی CNN لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردبوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.

ئەو پێشکەشکارەی کە ئەزموونێکی دورودرێژی ڕادیۆیی هەبوو هەر لە ساڵی 1985 وە هەتا 2010 دیمەنی بەرنامەی شەوانەی کەناڵی CNN بوو، کە لەوێ چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.

کینگ نزیکەی 50 هەزار وتووێژی ڕاستەوخۆی ئەنجام داوە. لە ساڵی 1995 کۆبونەوەیەکی لوتکەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەڕێوەبرد لەگەڵ یاسر عەرەفات سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی فەلەستینییەکان، شا حسێنی ئوردن و سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ییەتژاک ڕابین. پێشوازی لە هەمووان کرد لە دالای لاما وە بگرە بۆ ئەلیزابێت تەیلەر ، لە میخائیل گۆرباچۆڤەوە بگرە بۆ باراک ئۆباما ، بیل گەیتس بۆ لیدی گاگا .

کینگ بەوە ناسرابوو هەرگیز خۆی زۆر ئامادە نەدەکرد بۆ وتووێژەکان. ستیایلێکی جیاوازی هەبوو زۆر ئاسایی و لەسەر خۆ لەگەڵ میوانەکانی دەکەوتە گفتوگۆوە ئەمەش وای کردبوو بینەرانی هەستیان بە نزیکی لێی دەکرد.

لە ساڵی 1995 لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەتد کینگ گوتی " هەوڵ نادەم وا خۆم نیشان بدەم کە هەمو شتێک دەزانم، نەخێر، ' ئەی ژنێڤ یان کوبا؟' بەڵکو من دەپرسم ' جەنابی سەرۆک، چ شتێکی ئەم کارە هەیە کە بەلاتەوە پەسەند نییە، یان ' گەورەترین هەڵەی کەکردوتە چییە؟' ئەمانە سەرنج ڕاکێشن".

XS
SM
MD
LG