پاش ڕووداوەکانی ڕۆژی چوارشەممە کە لایەنگرانی ترامپ هوروژمیان بردە ناو کۆنگرێسی ئەمەریکاوە کاردانەوەکانی جیهان جۆراو جۆر بوون.
هەندێک ئەو ڕووداوەیان بە مایەی سەرسوڕمان ناودێر کردبوو هەندێکی تر پێی دڵگران بوون هەندێکیش بە تەنزەوە باسیان دەکرد.
سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە شەوی چوارشەممە لە تویتێکدا بڵاوی کردەوە ڕایگەیاند " ئەوەی ئەمڕۆ لە واشنتن دی سی ڕوویدا، ئەمەریکا نییە، ئێمە متمانەمان بە هێزی دیموکراسیمان هەیە، متمانەمان بە هێزی دیموکراسی ئەمەریکا هەیە."
سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی لە بەیاننامەیەکیدا کە لە هەژماری تویتەری خۆیدا بڵاویکردەوە ڕایگەیاند "دڵگران"بوو بە بینی " ئاژاوەو توندوتیژی" لە واشنتن.
" نیگەرانم بە بینینی هەواڵی ئاژاوەو توندوتیژی لە واشنتن دی سییەوە. پێویستە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و ئاشتیانە گواستنەوەی دەسەڵات بەردەوام بێت. نابێت پرۆسەی دیموکراسی بە خۆپیشاندانی نایاسایی بنکۆڵ بکرێت."
وەزارەتی کاروباری دەرەوەیی تایوان ڕۆژی پێنجشەممە دڵگرانی بەرامبەر بە توندوتیژییەکان دەربڕی. وەزارەتەکە ڕایگەیاند پەیامی خێرایی ناردووە بۆ هاووڵاتیانی تایوانی لە واشنتن تا " ئاگاداری خۆیان بن و گرنگی بە سەلامەتی خۆیان بدەن" هاوکاتی ئەو قەدەغەکردنی هاتوچۆییەی لەلایەن کاربەدەستانی واشنتنەوە سەپێندراوە.
گوتەبێژی وەزارەتەی دەرەوەی پاکستان زاهید حەفیز چۆهدری ڕۆژی پێنجشەممە بە پەیامنێرانی گوت حکومەت لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکانی واشنتن دەکات " ئێمە هیوادارین بارودۆخەکە بە زووترین کات ئاسایی بێتەوە و کارنەکاتە سەر پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات."
ڕەئوف حەسەن، یاریدەدەری تایبەتی سەرەک وەزیری پاکستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە ئەو وێنانەی توندڕەوانی لایەنگری ترامپ دەچنە ناو کۆنگرێسی ئەمەریکاوە لە کاتێکدا یاسادانەران داندەنێن بە سەرکەوتنی جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکادا، وەک دەڵێت " سەلمێنەرە کە ئەمەریکا پێویستی بە بڕێکی کەمی ڕەوایی ئاکار هەیە تا تێبینی لەسەر پرەنسیپە دیموکراسییەکانی وڵاتانی تر بدات."ئەو لە تویتێکیشا دەڵێت " ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەوەی ببینیایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریاک لە ئەمەریکا چی دەکات، ئەوا ئەمەریکا ئەمەریکای داگیر دەکرد تا گەلی ئەمەریکا لە تاکڕەوێتی ئەمەریکا ئازاد بکات."
شاریمان لوکمان شارەزای ڕێبازی دەرەوەیی و زانستە ئاسایشییەکان لە نێوەندی ستراتیژی و زانستە نێونەتەوەییەکان لە مەریلاند بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئاژاوەکان " ئەمەریکا ناخەنە دۆخێکی باشەوە. ئەمە تەنها بیرۆکی نەرێنی لەسەر ئەمەریکا زیاد دەکات." ئەو گوتیشیدەڵێن " تۆ (حکومەتی ئەمەریکا) نە مامەڵەکردنت لەگەڵ کۆڤید باش بوو نە هەڵبژاردنەکانیشت بە باشی ئەنجام دا. جا بە ئێمەش دەڵێیت خۆتان ڕێکبخەن، و خۆت ناتوانی خۆت ڕێکبخەیت."
لە کۆریای باشور یاسادانەرێکی باڵا سۆنگ یۆنگ گیل، ئەندامی پارتی دیموکراتی دەسەڵاتداری کۆریای باکوور لە تۆڕی فەیس بووک گوتی " لایەنە شەرمەزارییەکەی ئەمەریکا ئاشکرا کرا." ئەو گوتیشی " ئەم جۆرە ڕەفتارانە تەنها بە هەڵسوکەوتی دیکتاتۆرانە دەسەپێندرێت."
سەرۆک وەزیری بەریتانیا بۆریس جۆنسن لە تویتێکدا ڕایگەیاند " دیمەنەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا مایەی شەرمەزارین. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نمونەی دیموکراسییە لە سەرانسەری جیهاندا و ئێستاش گرنگە گواستنەوەیەکی ئاشتیانەی دەسەڵات ئەنجما بدرێت."
کاربەدەستانی یەکێتی ئەوروپاش ڕۆژی چوارشەممە پشتیوانی خۆیان بۆ بایدن نیشان دا. لە کاتێکدا لایەنگرانی توندڕەوی ترامپ وایان کرد قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە پایتەخت ڕابگەیەندرێت و پرۆسەی پەسەند کردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنیان شێواند.
ئوزولا ڤۆندێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت " بڕوام بە هێزی دامەزراوە دیموکراسییەکانی ئەمەریکا هەیە. گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە کرۆکی ئەوەیە. جۆو بایدن هەڵبژاردنەکانی بردۆتەوە. چاوەڕوانی ئەوە دەکەم وەکو سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا کاری لەگەڵدا بکەم."
جێنس ستوڵتنبێرگ، سەرۆکی ناتۆ لە تویتەر نووسیویەتی، پێویستە ڕێز لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە دیموکراتییە بگیرێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیانی خۆی لە ئەمەریکا کرد خۆیان لە شوێنە قەرەباڵغەکان و ڕووبەڕووبوونەوەکان بەدوور بگرن .
لە بەیاننامەکەدا دەشڵێت " ئێمە داوا لە هەمو لایەنەکان لە ئەمەریکا دەکەین پشودرێژ بن و گونجاوبن. لەو بڕوایەداین ئەمەریکا ژیرانە زاڵ دەبێت بەسەر ئەم قەیرانە سیاسییە ناوخۆییەدا".
ڕێکخراوی ویلایەتەکانی ئەمەریکاش ئەو گێرەشێوێنییەیان شەرمەزار کردووە.
ڕۆژی پێنجشەممەش لە لێدوانێکی تەلەفیزیۆنیدا سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی گوتی رووداوەکانی پایتەختی ئەمەریکا لە ڕۆژی چوارشممە بەڵگەی ئەوەیە کە دیموکراسیەتی ڕۆژئاوا لاوازە و ئامادەیە بۆ پۆلۆلیستی. ئەو گوتی " پۆلۆلیستێک هاتووە، و لە ماوەی 4 ساڵی ڕابوردوودا وڵاتەکەی بەرەو کارەسات برد." ڕۆحانی گوتیشی هیوادارە " ئەوانەی لە داهاتوودا کۆشکی سپی دەگرنە دەست، وڵاتەکە بگەڕێننەوە ئاستێک کە شایستەی گەلی ئەمەریکا بێت، چونکە گەلی ئەمەریکا گەلێکی مەزنە."