Accessibility links

ڕووداوەکانی ئەمڕۆی واشنتن و هوروژمی لایەنگرانی ترامپ بۆ ناو کۆنگرێس


پۆلیسی پایتەختی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە سەرانسەری نێوەندی شارەکە ڕاگەیاند و ئاماژەی بە هەڕەشەی ئاسایشیی ناوخۆیی کرد، لە کاتێکدا هەزاران لە پشتیوانانی ترامپ هوروژمیان بردە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس لە بە بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لە پرۆسەی بە فەرمی واژۆکردنی سەرکەوتنی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا.

دانیشتنەکەی سیناتی ئەمەریکا چووە پشووەوە لە کاتێکدا لە پرۆسەی واژۆکردنی دەنگی نوێنەراندا بۆ بایدن و جێگری سەرۆک مایک پێنس بە پێی ڕاپۆرتان لە بەڕێگای تونێڵەکانی ژێر زەوی لەلایەن پاسەوانە تایبەتەکانەوە لە باڵەخانەکە دەرکراوە.

گرتە ڤیدیۆییەکانی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی ئەمەریکادا بڵاوبوونەتە نیشان دەدەن لایەنگرانی ترامپ هێڵەکانی پۆلیسیان لە دەرەوەی باڵەخانەی کۆنگرێس پێشێلکردووە و بەناو باڵەخانەکەدا دەسوڕێنەوە. ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی تەلەفیزیۆن ئاماژە بەوە دەکەن گازی فرمێسکڕژێن بەکارهێنراوە بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی هەوڵیان دەدا دەرگای ئەنجومەنی نوێنەران بشکێنن.

لایەنگرانی ترامپ لە ناو باڵەخانەی کۆنگرێس
لایەنگرانی ترامپ لە ناو باڵەخانەی کۆنگرێس

واژۆکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆنگرێسەوە، بە شێوەیەکی گشتی شتێکی ڕۆتینە و ڕێوڕەسمێکی فەرمییە کە دووا هەنگاوە بۆ پەسەند کردنی دەنگەکانی نوێنەران کە بە فەرمی بایدنیان لە 14 ی مانگی 12 هەڵبژارد. بەلام چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی کۆماری ناڕەزاییان لەسەری هەبوو.

لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە بەردەم کۆنگرێس کۆببونەوەو پێکدادان لەگەڵ پۆلیسدا ڕوویدا، سەرۆک دانۆڵد ترامپ تویتێکی بۆیان کرد " پشتیوانی لە پۆلیسی پایتەخت و هێزەکانی چەسپاندنی یاسا بکەن" و " بەئارامی بمێننەوە."

شارەوانی واشنتن مورێل باوسەر قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە کاتژمێر شەشی ئێوارەوە لە شارەکە ڕاگەیاند.

پێشتر، مچ مەککۆنێڵ، ڕێبەری زۆرینەی کۆمارییەکان سینات ئەوەی ڕەتکردەوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە و وتی "دەنگی خۆی دەدات و ڕێز لە بڕیاری گەلی ئەمەریکا دەگرێت."

زوویەکی ئەمڕۆ چوارشەممەش، سەرۆک ترامپ وتارێکی پێشکەش بە هەزاران لایەنگری خۆی کرد لە واشنتۆنی پایتەخت، بەر لەوەی ژمارەیەکی زۆری لایەنگرەکانی بڕۆن بەرەو باڵەخانەی کۆنگرێس.

سەرۆک ترامپ بە لایەنگرانی وت "هەرگیز لەبەردانەواندن ناکات" ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا هاوکات بووە لەگەڵ کۆبوونەوەی یاسادانەرانی ئەمەریکاییدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەڵبژاردنی جۆو بایدن وەک سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا.

لە وتارەکەیدا بۆ لایەنگرانی، سەرۆک ترامپ جارێکی تریش ڕاگەیاندنە هەڵەکانی خۆی دووبارەکردەوە سەبارەت بە "فێڵ و تەڵەکە کردن لە هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدەی سەرۆکایەتی ئەمریکادا."

خۆپیشاندانی لایەنگرانی ترامپ واشنتن 6ی 1ی 2021
خۆپیشاندانی لایەنگرانی ترامپ واشنتن 6ی 1ی 2021

سەرۆک ترامپ، سوورە لەسەر ئەوەی بە جیاوازییەکی گەورەوە هەڵبژاردنەکەی بردۆتەوە لە وەک دەڵێت "دیموکراتە ڕادیکاڵەکان" و دەشڵێت " میدیای هەواڵی هەڵبەستراو و درۆ، ڤایرۆسەکەی چین (وەک ئاماژەیەک بە پەتای کۆرۆنا) بۆ پەردەپۆشکردنی دزینی هەڵبژاردن بەکارهێناوە."

سەرۆک ترامپ داوای لە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کردووە تا "کارە ڕاستەکە بکات" لە کاتێکدا سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە دەکات بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەنگەکانی ئێلێکترەڵ کۆلیج.

سەرۆک ترامپ داوای لە مایک پێنس کردووە تا "دەنگەکان بنێرێتەوە بۆ ستانەکان بۆ سەرلەنوێ پشتڕاستکردنەوەیان و ئێمەش ببینە سەرۆک و ئێوەش گەلێکی خۆشحاڵ بن."

لە پەیامێکدا کە بە ماوەیەکی کەم پاش داواکەی ترامپ بوو، مایک پێنس خۆی لادا لەوەی دەنگ لە دژی ئێلێکترەڵ کۆلیج بدات.

لەو پەیامە نوسراوەیدا مایک پێنس دەڵێت " بەپێی ئەو سوێندە یاساییەی خواردومە بۆ پاراستن و داکۆکی لە دەستور، ڕێگەم لێدەگرێت داوای دەسەڵاتێکی تاکڕەوانە بکەم بۆ دیاریکردنی دەنگەکانی ئێلێکترەڵ کۆلیج کە پێویستە بە هێند وەربگیرێت نەک بە پێچەوانەوە."

لایەنگرانی ترامپ، لە ناویاندا چەند گروپێکی کەلەگەڵ پۆلیسدا بەشەڕهاتوون، لە شەوی سێشەممەوە لە واشنتن کۆبونەوە. کاربەدەستان دەڵێن بەلایەنی کەم شەش کەسیان دەستگیر کردووە بە چەندی تۆمەتی کە بریتین لە هەڵگرتنی چەک و گوللە، هێرشکردنە سەر پۆلیس.

شەقامەکانی واشنتن داخران و شارەوان باوسەر داوای گاردی نیشتمانی کرد لە کاتێکدا ترسی ئەوەی هەبوو توندوتیژی لە نێوان خۆپیشاندەرانی جیاواز دروست بێت هەر وەکو چۆن لە هاوینی ساڵی ڕابوردوو ڕوویدا.

دووکان و بازاڕەکانی ناوجەرگەی واشنتن داخراون و گاردی نیشتمانیش هاوکاری پۆلیسی دی سی و پۆلیسی پارکی نیشتمانی دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی چوارشەممە.

داوا لە خەڵکی ڤێرجینا و مێریلاندی دراوسێی دی سی کراوە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە و خۆپیشاندانی دژ ئەنجام نەدرێت

XS
SM
MD
LG