Accessibility links

دکتۆر فاوچی ئاگاهیدەدات بە ئەمەریکاییەکان


گەورە پسپۆڕی ئەمەریکا بۆ نەخۆشییە درمییەکان ڕایدەگەیەنێت کە لەوانەیە هێشتا ڕەوشە هەرە خراپەکەی پەتای کۆرۆنا نەهاتبێت بە شێوەیەک کە وڵاتەکە دەخاتە سەختییەکی زۆر قورسەوە.

دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، ئەندامی تیمی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا بوو و ئێستاش جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا وەک ڕاوێژکار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید 19 دەستنیشانیکردووە.

دکتۆر فاوچی دەڵێت "هاوڕای نیگەرانییەکانی سەرۆکی هەڵبژێردراوم کە دەشێت ڕەوشەکە لەم چەند هەفتەیەی داهاتوودا زۆر خراپتر بێت."

ڕۆژی چوارشەممە، بایدن ئاگاهیدا سەبارەت بەوەی "ڕۆژە قورسەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە پێشمانن نەک لە دوامانەوە."

هەر ئەمڕۆش یەکشەممە، دکتۆر جێرمی ئادەمز، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئەمەریکا هاوڕای دکتۆر فاوچی بوو کە ژمارەی توشبووان پاش پشووەکانی کرسمس و سەری ساڵی نوێ زیاتر دەبن.

گەشتیاری لەم ماوەی پشووانەدا بە شیوەیەکی بەرچاو لە ئەمریکا کەمی کردبوو، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ڕەوشەکەدا هێشتاش هەر زۆر بوو.

لە کۆتایی مانگی یازدەدا، پاش ڕۆژی سوپاسگوزاری لە ئەمریکا ژمارەی توشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە سەرەتای ئەم مانگی 12یەدا زۆر بەرز بووەوە بە ئەندازەیەک ڕۆژانە ژمارەی تووشبووان دەگەیشتە 200 هەزار کەس و ژمارەی گیان لە دەستدانیش لە هەندێک ڕۆژدا زیاتر لە 3 هەزار کەس دەبوو.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، نزیکەی 2 ملیۆن کەس لە ئەمەریکادا ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان بەکارهێناوە، ئەمەش زۆر کەمترە لەو ژمارەیەی پێشتر بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ پەیمانی دابوو کە تا کۆتایی ئەمساڵ ڤاکسینەکە بگاتە نزیکەی 20 ملیۆن کەس.

دکتۆر فاوچی دەڵێت ئەم کورتهێنانە شتێکی ئاساییە لە پڕۆژەیەکی گەورەدا بۆ سەرانسەری ئەمریکا.

لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن، دکتۆر فاوچی ئاماژەی بەوەی کردبوو " لە کاتی پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوەهادا، سەرەتا بە خاوی دەستپێدەکات و دواتر زۆر گەورەتر دەبێت." هەروەها دڵنیایی داوە کە تا مانگی 4ی داهاتوو هەموو ئەوانەی وەک قۆناغی بەرایی ڤاکسینەکە بەکاردەهێنن و ئەوجاش دەستدەکرێت بە کوتانی تەواوی دانیشتوانی ئەمەریکا بە ڤاکسینی دژە پەتای کۆرۆنا.

XS
SM
MD
LG