بڕیارە ئەمڕۆ هەیەنی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرێت و پرۆسەکە بە ڕاستەوخۆ لە تەلەفیزیۆنەوە پەخش بکرێت. کوتانی پێنس دژ بە ڤایرۆسکە لە کاتێکدایە ڕاوەرگرتنەکان دەریدەخەن ژمارەیەک لە ئەمەریکاییەکان دوودڵن لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە و نیگەرانیان لەمەڕ سەلامەتی و کاریگەریی ئەو ڤاکسینە هەیە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەی لۆس ئانجڵسی کالیفۆرنیا زۆر بە خراپی تەشەنەی کردووە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ناوچەکە لەسەر هەژماری تویتەری ڕایگەیاندووە " هەمو کاتژمێرێک دوو کەس بەهۆی کۆڤید کۆڤید-19 لە ناوچەی لۆس ئانجڵس گیانیان لەدەست دەدەن."
تۆڕی تەلەفیزیۆنی ئەمەریکا CBS ڕایگەیاندووە چەند جێیەکی زۆر کەم ماوە لە بەشەکانی چاودێری وردی نەخۆشخانەکان لە لۆس ئانجڵس ، لە هەندێک حاڵتدا نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی هەتا 7 کاتژمێریش لە ناو ئۆتۆمبێلی نەخۆشگواستنەوە دەمێننەوە.
سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆنیش چووە ڕیزی ئەو ڕێبەرانەی جیهان کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. ماکرۆن کۆشکی ئیلیزای بە شێوەیەکی کاتیی بەجێهێشتووە و لە ئۆفیسێکی ماڵی خۆی لە ڤێرسایلس کار دەکات.
دکتۆر هانس کلوگ، بەڕێوەبەری هەرێمی ئۆفیسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان لە ئەوروپا، داوا لە خەڵکی دەکات لە میانەی پشووەکانی کرسمس و سەری ساڵدا لەماڵەوە بمێننەوە.
ئەو هەروەها ڕایشیگەیاندووە ئەم پەتایە "قەیرانی تەندروستی دەروونی لە ئەوروپا دروست کردووە بەهۆی دڵەڕاوکێ لەسەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە و کاریگەرییە دەرونییەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و خۆ کەرەنتینە کردن، تا دگاتە بێکاری و نیگەرانییەکانی دارایی".
هەتا ئێستا زیاتر لە 75 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا توشی کۆڤید-19 بوون. لە ئەمەریکا زیاتر لە 17 ملیۆن و 2 سەد هەزار کەس توشی ئەو ڤایرۆسە بوون کە ڕێژەکەی لە هەمو جیهان زیاترە.