ڕۆژی چوارشەممە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای خستە سەر چەند کۆمپانیایەکی بنکە لە چین و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) ، و تاوانباریان دەکات بە پشتیوانیکردن لە فرۆشتنی پترۆکیمیایی ئێران لە کاتێکدا واشنتن لە ڕۆژانی کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا فشارەکان لەسەر تاران زیاد دەکات.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەو چوار قەوارەیەی خستۆتە لیستی ڕەشەوە کە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی کەرەستەی پترۆکیمیایی ئێران لەلایەن کۆمپانیای تریلیانس پترۆکیمیایی دەکەن کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن واشنتنەوە سزای خرایە سەر.
وەزارەتی خەزێنە گوتیشی لە هەنگاوەکەی ڕۆژی چوارشەممەی واشنتندا هەروەها کۆمپانیایەکی گواستنەوەی گاز و کیمیایی ڤێتنامیش کرایە ئامانج بەهۆی پەیوەندی بە مامەڵەیەکی بەرچاو بۆ گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لە ئێرانەوە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوودا بە شێوەیەکی نزیکەی ڕۆژانە سزاکانی سەپاندووە و زۆربەشی ئامانج بووە بۆ ئێران. شیکەرەوان گوتویانە سزاکان بۆ فشارخستنە سەر تاران وا دیارە بەو مەبەستەبن ڕێگەی جۆو بایدن سەرۆکی هەڵبژێرداو بۆ دووبارە دانوستانکردن لەگەڵ ئێراندا لەسەر ڕێککەوتنی ناوکی سەخت بکات.
وەزیری خەزێنە ستیڤن منوچن گوتی " کەرتی پترۆکیمیایی و نەوتی ئێران سەرچاوەی سەرەکی دارایی ڕژێمی ئێرانن، کە بۆ پشتگیریکردنی کارە تێکدەرەکانی لە بەرنامەی ناوخۆیی و دەرەوەییدا بەکاریدەهێنێت."
ئەو گوتیشی " وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دژی ئەو کەسانە دەوەستێتەوە کە پشتیوانی لەو کارێکتەرە نایاساییانە دەکەن کە پەیوەندییان بە فرۆشتنی نەوت و پترۆکیمیایی ئێرانەوە هەیە."
سزاکان هەر سەرمایەیەکی ئەمەریکای ئەو کۆمپانیایانە سڕ دەکات و بە شێوەیەکی گشتی ڕێگە لە ئەمەریکاییەکان دەگرێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.
وەزارەتی خەزێنە گوتیشی دامەزراوە بیانییە داراییەکانی کە بەمەبەست مامەڵەکان بۆ ئەوانەیلە لیستی ڕەشدان ئاسان دەکەن، ئەوانیش لە ژێر مەترسی سزادان.
ئەم هەنگاوە بووە هۆی دانانی سزا لەسەر کۆمپانیای بەڕێوەبردنی گواستنەوەی نێونەتەوەیی دۆنگای بنکە لە چین، کۆمپانیای پترۆلیۆمی باشوری ئاسیای بنکە لە چین و کۆمپانیای ئەلفا تێک ی بازرگانی و پیترۆلیەنسی بنکە لە ئیمارات.