Accessibility links

بایدن هۆشداری دەرەنجامێکی کوشندە دەدات، ئەگەر ترامپ هەماهەنگی نەکات لە هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا


جۆو بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراو هۆشدای ئەوەی دا ڕەتکردنەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ بۆ دانپیانان بە گواستنەوەی دەسەڵات بەر لە 20 ی 1 دەشێت لەم پەتای کۆرۆنایەدا دەرەنجامی کارەساتاوی لێبکەوێتەوە.

بایدن لە وەڵامی پارسیاری ڕۆژنامەوانێک لە ویلمنیگتۆن دێلێوێر ڕۆژی دووشەممە گوتی " لەوانەیە خەڵکی زیاتر گیانیان لەدەستبدەن ئەگەر ئێمە هەماهەنگیمان نەبێت."

بایدن جارێکی تر هۆشداری دا " زستانێکی زۆر سەخت" لەبەردەمماندایە، و داوای لە کۆنگرێس کرد دەستبەجێ هاوکارییەکی پێشنیازکراوی 3 ترلیۆن دۆلار پەسەند بکەن بۆ هەوڵەکانی بوژانەوەی ئابوری کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریتێکردووە.

بایدن گوتیشی "لە ڕاستیدا من لەوە تێناگەم ئەم سەرۆکە هێشتا خەریکی یاری گۆڵفەو هیچ شتێک لەم بارەیەوە ناکات، هیچ نەبێت ڕۆڵێکی پۆزستیڤانە ببینێت".

سەرۆکی هەڵبژێردراو گوتیشی خەڵکی خەریکە بیمەی بێکارییان نامێنێت، 20 ملیۆن کەس خەریکە ماڵەکانیان لەدەستدەدچێت چونکە ناتوانن کرێی خانۆکانیان بدەن.

بایدن ئەم قسانەی پاش ئەوە کرد کە خۆی و کامڵا هێرسی جێگری، کۆبونەوەیەکیان لەسەر دۆخی ئابوری وڵات کرد کە ڕووبەڕووی ئاستەنگی نوێ بۆتەوە لەگەڵ زیاد بوونی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبوون و ژمارەی ئەو کەسانەش کە بەهۆی ڤایرۆسەکە لە نەخۆشخانە دەمێننەوە بۆتە هۆی ئەوەی کاربەدەستانی شارەوانی و فەرمانڕەوای چەند ویلایەتێک جارێکی تر سنور بۆ دوکان و بازاڕەکان دابنێننەوە لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە.

بایدن لە میانەی وتووێژێکیدا لەگەڵ ڕێبەرانی کارو کاردارییەکان، گوتی " بۆ ئەوەی ئاشکرا بێت، ئێمە ئێستا لە ڕەوشێکی زۆر تاریکداین، بەلایەنی کەم لەو ڕووەوەی کە لەگەڵ کۆڤیددا بەرەو کوێ دەڕۆین."

ترامپ کە ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی بوو، سەرلەبەیانیەکەی لە تویتێکدا باسی لە بەرزبوونەوەی بازاری بۆرسە کرد هاوکاتی ڕاگەیاندنی هەواڵی ڤاکسینێکی نوێ.

ڕێژەی پیشەسازی داو جۆنس ڕۆژی دووشەممە لە 470 خاڵ داخرا کە لە سەدا 1.6 زیادی کرد.

سەرۆک تراپ لە تویتێکدا گوتی " تکایە ئەوەتان بیربێت ئەم دەستکەوتە مەزنانە، کە دەبنە هۆی کۆتاییهێنان بە پەتای چین، هەموی لە ژێر چاودێری مندا ڕوویانداوە" مەبەستی لە کاریگەری ڤایکسینی کۆڤید-19 بوو کە هەفتەیەک پێشتر لەلایەن کۆمپانیای فایزەر و ڕۆژی دووشەممەش لەلایەن مۆدێرنا ڕاگەیەندرا.

سەبارەت بەو ڤاکسینانە بایدن گوتی " وا دیارە ئامادەییان هەیە بۆ کاتی زێڕینیان، ئامادەن بەکاربهێندرێن". ئەو ڕەخنەشی لە ترامپ گرت بۆ ئەو لێدوانەی و گوتی ڕەنگە ئەمە وا بکات خەڵکی دوودڵبن لە ڤاکسینەکە.

کوتانی گشتی دژ بە کۆرۆنا لە ئەمەریکا ڕەنگە هێشتا چەند مانگێکی تری بوێت، لە کاتێدا ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناو ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکە پێویستیان بەوەیە لە نەخۆشخانە بمێننەوە گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی.

بە پێی ئامارەکانی زانکۆی جۆنس هۆپکنس هەتا ئێستا زیاتر لە 246 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 11 ملیۆن و 100 هەزار کەسیش توشتی ڤایرۆسەکە بوون. هەردوو ڕێژەکەش زۆرترینن لە جیهاندا.

ئابوری ئەمەریکا زۆربەی ئەو کارانەی کە لە هەفتە سەرەتاییەکانی پەتاکەدا لە مانگی 3 و چوار لەدەست چووبوون، کە ئەو کاتە ڕێژەی بێکاری گەیشتە 14.7 %، چاککردۆتەوە. ڕێژەی بێکاری لە مانگی 10 گەڕایەوە بۆ 6.9% هێشتاش نزیکەی دووهێندەی 3.5% ی پێش ڤایرۆسەکەیە کە لەوەتای 50 ساڵی ڕابوردۆوە ڕێژەی بێکاری ئەوەندە کەم نەبوو لە ئەمەریکا. لە هەمانکاتدا ملیۆنان دەرفەتی کار لە ئەمەریکا لە دەستچوو و ڕەنگە چاکیش نەبێتەوە لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا جارێکی تر لە سەرانسەری وڵات زیادی کردووە.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکان

توانای بایدن بۆ هێنانەوە سەرخۆی ئابوری تا ئاستێکی زۆر دەکەوێتە سەر گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی ویلایەتی جۆرجیا لە 5 ی مانگی 1.

کۆمارییەکان 50 کورسیان لە 100 کورسییەکەی سیناتدا بردۆتەوە. دیموکراتەکانیش 48. ئەگەر لە جۆرجیا کۆمارییەکان هەردوو کورسییەکە ببەنەوە ئەوە دەبنە زۆرینە و بەردەوام دەبن لە کۆنترۆڵکردنی سینات بۆ دوو ساڵی تر و بژاردەکانی سەرۆکی نوێ سنوردار دەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێنداکانی، لە ناویاندا هاوکاری ئابوری و دارایی بۆ ئەو خێزانانەی کە فشاری داراییان بۆ دروستبووە.

ئەگەر دیموکراتەکان هەردوو کورسییەکانی جۆرجیا بەدەستبهێنن دەشێ بایدن باڵادەستی هەبێت لە شیانی سیناتێکی 50 بە 50 کە لەوبارەدا کامڵا هێرس، وەکو جێگری سەرۆک دەنگی یەکلاکەرەوە دەدات.

ترامپ ئامادە نییە دان بەوەدا بنێت کە شکستی هێناوە لە کاتێکدا داوای یاسایی تۆمار کردووە لەسەر ئەوەی کە دەڵێت هەڵبژاردنەکەی 3 ی مانگی 11 فرتوفێڵی دژ بەو تێدا کراوە. ئەو گوتیشی ناڕێکی لە دەنگدانی چەند ویلایەتێکدا هەبووە کە کاردەکاتە سەر ئەنجامەکانی پێشبڕکێکە.

ترامپ ڕۆژی دووشەمەم لە تویتێکدا ڕایگەیاند " من سەرکەوتووم".

ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد لە ڕاپۆرتێکی دۆزینەوەی ڕاستییەکاندا پاش ئەو ڕاگەیاندنەی تراپ، گوتی " نەخێر، بایدن هەڵبژاردنەکانی بردۆتەوە"، ئاماژەی بەوە کرد جێگری سەرۆکی پێشو جۆو بایدن لە ویلایەتە سەرەکییەکاندا سەرکەوتووەو زیاتر لە 270 دەنگی نوێنەری هەیە، کە پێویستە بۆ سەرۆکایەتی.

هاوپەیمانییەکی کاربەدەستانی هەڵبژاردنی ویلایەتەکان و ئاسایشی ئەنتەرنێتی و ژێرخانی ئاژانسی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ئەم هەڵبژاردنە پارێزراوترین هەڵبژاردن بووە لە مێژووی ئەمەریکادا " هیچ بەڵگەیەک نییە نیشان بدات سیستمی دەنگدانەکە هیچ دەنگێکی سڕیبێتەوە یان لەدەستدابێت ، دەنگی گۆڕیبێت یان بە هیچ شێوەیەک سازشیکردبێت."

XS
SM
MD
LG