Accessibility links

بڕیارە خۆپیشاندان لە واشنتن بۆ پشتیوانیکردن لە ترامپ ئەنجام بدرێت


خۆپیشاندەرانی پشتیوانی لە سەرۆک دانۆڵد ترامپ، ڕۆژی شەممە لە بەرنامەیاندایە لە واشنتن کۆببنەوە، بۆ پشتگیریکردن لە بانگەشەی نەسەلمێنراوی سەرۆک گوایە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجام دراوە.

بڕیارە چەند ڕێپێوانێک ئەنجام بدرێن لەوانەدا ڕێپێوانی ملیۆنی، ڕێوڕەسمێکی پشتیوانی ژنان بۆ ترامپ و خۆپیشاندانێک لە ژێر ناونیشانی فێڵکردن ڕاگیرێت.

ترامپ ڕەتیکردۆتەوە دان بە دۆڕاندنی بە جێگری سەرۆکی پێشو جۆو بایدن بهێنێت، کە وەکو براوەی هەڵبژاردنەکانی 3 ی مانگی 11 ڕاگەیەندراوە، و دەڵێت ناڕێکی لە دەنگدانەکانی چەند ویلایەتێکی گرنگدا ڕوویداوە. کاربەدەستانی هەڵبژاردنی ویلایەتەکان دەڵێن هیچ ناڕێکییەکی ئەوتۆ لە هەڵبژاردنەکەدا نەبووە کە کاربکاتە سەر درەنجامەکان.

خۆپیشاندانەکان لەلایەن میدیا و کەسایەتییە پارێزکارەکانەوە و هەروەها نەتەوەپەرستە سپیپێستەکانەوە بانگەشەی بۆ کراوە ئەمەش هانی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی دژی داوە کە لەلایەن گروپەکانی دژە فاشیست و دژە ڕەگەزپەرستی ڕێکخراوە.

گروپی ئەوپەڕی ڕاستڕەوی Proud Boys دەڵێت ژمارەیەک لە ئەندامەکانی بەشداری ئەو خۆپیشاندانانە دەکەن و ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ڕایگەیاندووە ئالیکس جۆنس پێشکەشکاری بیردۆزیاری پلانگێڕی و ئینفۆوار لە تێکساسەوە ڕێبەرایەتی کاروانەکەی خۆپیشاندانی 'ساختەکاری لە دەنگەکان ڕاگرن' دەکات.

چاوەڕوان دەکرێت خۆپیشاندانی سەر بە ترامپ لە شارە گەورەکانی تریش لە سەرانسەری وڵات ئەنجام بدرێت.

ڕۆژی هەینی ترامپ لە تویتێکدا ڕایگەیاند" دڵگەرمە بۆ بینینی هەموو ئەو پشتیوانییە گەورەیەی کە هەن، بەتایبەتی ئەو کۆبوونە سروشتیانەی کە لەسەرانسەری وڵاتەوە هەڵدەکەن، لە ناویاندا یەکێک لە گەورەکان ڕۆژی شەممە لە واشنتن DC و لەوانەیە هەوڵ بەم بۆخۆشم بڕۆم و سڵاوێکیان لێ بکەم."

هەتا ئێستا ڕوون نییە چەند کەس لە واشنتن ئامادە دەبن.

کرستۆفەر ڕۆدریگێز بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی نیشمانی وزەی واشنتن ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شارەکە ئاگادارە کە نزیکەی 12 ڕێکخراو پلانی ئەنجامدانی کۆبونەوەیان هەیە بەڵام چاوەڕوان دەکرێت زۆربەیان گروپی بچووک بن. ئەو گوتیشی " نامەوێت کەس وا تێبگات ئێمە باس لە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دەکەین."

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ هیچ توندوتیژییەدا لەو کۆبونەوانە پشودرێژ نابین.

خزمەتگوزاری پارکی نیشمانی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند مۆڵەتی کۆبونەوەیەکی 10 هەزار کەسی لە پلازای ئازادی واشنتن پەسەند کردووە کە لەلایەن ژنانی ئەمەریکا لە پێشدا، داوا کراوە. گوتی سەرەتا گروپەکە داوای کۆبونەوەی 50 بەشداربووی کردبوو بەڵام پاشان ژمارەکەیان گۆڕی.

چاوەڕوان دەکریت پشتیوانانی ترامپ لە نزیک پلازای ئازادی کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵای کۆشکی سپی کۆببنەوە، لە کاتێکدا خۆپیشاندەرانی دژە ترامپیش لە پلازای ئازادی، یونیەن ستەیشن و بەردەم دادگای باڵا کۆببنەوە.

پۆلیس پلانی داخستنی ئەو شەقامانەی هەیە کە نزیکن لە خۆپیشاندانەکانەوە. هێزەکانی چەسپاندنی یاسا لە هەفتەی ڕابوردۆوە لە ئامادەییدان لە ترسی توندوتیژی لە پاش هەڵبژاردنەکان. هەروەها ترسی ڕوودانی توندوتیژی وای کردووە ژمارەیەک لە دووکان و بازاڕەکانی پایتەخت دابخرێن.

شارەوانی واشنتن مورێل باوسەر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەمە هەفتەیەدا گوتی پۆلیسی شارەکە بەردەوام لە ئامادەییدان.

XS
SM
MD
LG