Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت جۆو بایدن بەفەرمیببێت بە براوەی هەڵبژاردنەکان


جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا جۆ بایدن، کەسایەتییەک کە نزیکەی نیو سەدەیە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بازنەی سیاسەتی واشنتندا، وەکو براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پێشبینی کراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە 20 ی مانگی 1 دا سوێندی یاسایی بخوات و ببێت بە بەتەمەنترین ڕێبەری وڵاتەکە.

بایدنی دیموکرات کە 36 ساڵی لە سیناتی ئەمەریکا و هەشت ساڵی وەکو جێگری سەرۆکی پێشو باراک ئۆباما لە واشنتن بەسەربردووە، لەلایەن ئاژانسەکانی هەواڵەوە بە براوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و شکستپێدانی سەرۆکی کۆماری دانۆڵد ترامپ پاش چەند ڕۆژی ژماردنی دەنگەکان ڕاگەیەندرا.

هێشتا ئەنجامەکان فەرمی نین و دەشێت ڕووبەڕووی ئاستەنگی دادگا ببێتەوە بەڵام چاوەڕوان دەکرێت وەکو خۆی بمێنێتەوە.

هەر پاش پێشبینییەکە بایدن لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە جێگای شانازییە " منتان بۆ ڕێبەرایەتی کردنی ئەم وڵاتە مەزنە هەڵبژارد."

نوسیویەتی " ئەمریکا ، شەرەفمەندم کە منتان هەڵبژارد بۆ سەرکردایەتی کردنی وڵاتە مەزنەکەمان . ئەو کارەی لەبەردەمماندایە سەختە،بەڵام من ئەم بەڵێنەتان پێ دەدەم: من دەبمە سەرۆکی هەمو ئەمەریکاییەکان جا ئەوانەی دەنگیان پێداوم و ئەوانەش کە دەنگیان پێ نەداوم.

ئەو متمانەیە دەهێڵمەوە کە بە منتان داوە."

بایدن پێشبڕکێکەی بە بەدەستهێنانی بەلایەنی کەم 270 دەنگی نوێنەر لە 538 کۆی نوێنەرانی دەنگدان بردەوە.

دەنگی ئەمەریکا هەڵسەنگاندنی بۆ زانیارییەکانی هەژمارکردنی دەنگەکانی ویلایەتەکانی تر کردووە و پشتی بە شارەزایانی ناوەڕۆکەکان لە ئاژانسی ڕۆیتەرز و ئەسۆشیەیتد بەستووە بۆ پێشبینی کردنی براوە لە ویلایەتەکاندا. لە هیچ ویلایەتێکدا براوە ڕانەگەیەندراوە هەتا دوو سەرچاوەی سەربەخۆ پێشبینیان نەکردبێت.

بردنەوەی بایدن ترامپ دەکات بە سێهەم سەرۆکی وڵات کە لە ماوەی چوار سەدەی ڕابوردوودا نەیانتوانیبێت خولی دووهەمی هەڵبژاردن ببەنەوە.

سەرکەوتنی بایدن چەند ڕۆژێک پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانە کە لە ڕۆژی سێشەممە ئەنجامدران لە کاتێکدا کاربەدەستانی هەڵبژاردنەکان لە نزیکەی نیو دەرزەن ویلایەتدا خەریکی کۆتایی هێنانن بە ژمارەدنی ملیۆنان دەنگی کە بە ڕێگای پۆستە دراون چونکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەیانویستووە بچنە بنکەکانی دەنگدان.

بایدن کە کاتێک سوێندی یاسایی دەخوات تەمەنی دەبێتە 78 ساڵان، لە سێهەم هەوڵیدا بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمەریکا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، پاش ئەوەی دوو جار لە ساڵی 1988 و لە ساڵی 2008 یش هەوڵیدا ببێت بە کاندیدی سەرەکی دیموکراتەکان بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

لە ئێستادا ئەو بەرەو فەرمانڕەوایی کردنی وڵاتەکە دەڕوات لەگەڵ جێگرەکەی سیناتۆری کالیفۆرنیا کامڵا هێرس، کە دەبێتە یەکەم جێگری سەرۆکی ژن لە مێژووی ئەمەریکادا. ئەو کچی باوکێکی بە ڕەچەڵەک جەمیکایی و دایکێکی بەبەڕەچەڵەک هندییە.

.

XS
SM
MD
LG