Accessibility links

بایدن گەشبینە بەرامبەر سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان لە کاتێکدا بە جیاوازی زیاتر لە 20 هەزار دەنگ لە پێنسلڤانیا لە پێشە


سەرکەوتنی کاندیدی دیموکراتەکان جۆو بایدن لە پێنسلڤانیا بەسەر سەرۆک دانۆڵد ترامپدا لە سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینییەوە لە پێنج هەزارەوە بۆ نزیکەی 29 هەزار هەتا شەوی هەینی بەرز بۆوە، ئەم زیادبوونەش چاوەڕوان دەکرێت زیاتر بێت لە کاتێکدا هێشتا دەنگی تر ماوە جیابکرێتەوە.

بەدەستهێنانی ویلایەتە گرنگەکان بایدن بەرەو 270 دەنگی نوێنەر دەبات کە پێویستە بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.

بایدن لە جۆرجیاش بە زیاتر لە 4 هەزار دەنگ لە پێشە و لە ئەریزۆنا و نێڤاداش بە شێوەیەکی بەرچاو دەنگەکانی زیاترە، هەرچەندە هێشتا ئەنجامی کۆتایی ئەم پێشبڕکێیە ڕانەگەیەندراوە.

ڕۆژی هەینی لە میانەی گوتارێکیدا بۆ پشتیوانانی، هاوکاتی پێشبینی کردنی ئەوەی لە پێنسلڤانیا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، بایدن سەرکەوتنی ڕانەگەیەند. بەڵام گوتی " ئێمە هێشتا سەرکەوتنی کۆتایی ڕاناگەیەنین، بەڵام ئامارەکان بە ڕوونی و دڵنیاییەوە پێمان دەڵێن، ئێمە ئەم پێشبڕکێیە دەبەینەوە."

ئەگەر بایدن پێنسلڤانیا بباتەوە ژمارەی دەنگی نوێنەرانی دەبێت بە 273 بەرامبەر 214 ی ترامپ لە ئێستادا.

لە سیستمی هەڵبژاردنی دیموکراسی ناڕاستەوخۆی ئەمەریکادا، دەنگی زۆرینە لە ویلایەتەکاندا بەکاردێت با بزانرێت زۆرینەی ئەو ویلایەتە دەنگی بەکێداوە ئەوکاتە تەواوی دەنگی نوێنەرانی ویلایەتەکە بۆ ئەو کاندیدە دەڕوات. دەنگی نوێنەرانیش بە پێی ڕێژەی دانیشتوانی ویلایەتەکان دیاری کراون.

ئەگەر بایدن لە پێنسلڤانیا سەربکەوێت ئەوا ڕێگریش دەکات لە سەرکەوتنی ترامپ.

لەو ویلایەتانەی کە هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیەندراون تراپ لە دوانیان دەنگی لە پێشە، لە کارۆلاینای باشور و ئەڵاسکا.

بەبێ سەرکەوتن لە پێنسلڤانیا ترامپ ناتوانێت دەنگی نوێنەرەکانی بگات بە بایدن تەنانەت ئەگەر هەمو ویلایەتەکانی تری کە هێشتا دەنگیان یەکلانەبۆتەوە بباتەوە.

بایدن لە تەواوی دەنگەکاندا زیاتر لە چوار ملیۆن دەنگی لە ترامپ زیاترە. بایدن زیاتر لە 74 ملیۆن دەنگی لە سەرانسەری وڵات بەدەستهێناوە بەرامبەر 69 ملیۆن دەنگ بۆ ترامپ. زیاتر لە 150 ملیۆن ئەمەریکایی لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی خۆیان داوە ئەمەش زۆرترین بەشداربوونە لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا.

سکاڵای یاسایی

ترامپ ڕۆژی هەینی لە تویتێکدا هۆشداری دا بە بایدن سەرکەوتن زوو ڕانەگەیەنێت ئەو گوتی " پێویستە جۆو بایدن بە هەڵە سەرکەوتن بۆ سەرۆکایەتی ڕانەگەیەنێت. منیش دەتوانم ڕایگەیەنم. پرۆسەی یاسایی لە ئێستاوە دەستپێدەکات."

ترامپ لە میانەی وتارێکی شەوی هەڵبژاردنیدا گوتی سەرکەوتووە.

هەڵمەتی ترامپ مشتومڕلەسەر هەژمارکردنی کردنی دەنگەکان لە چەند ویلایەتێکدا دەکات و ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئەم هەڵبژاردنە کۆتاییپێنەهاتووە". هەڵمەتەکانی دەڵێن سەرۆک دەرەنجام سەردەکەوێت لە پاش ژماردنەوەی دەنگەکان لە ویلایەتەکانی کە دەنگیان لە یەکەوە نزیکن لەسەر بنەمای ئەو ئیدیعایانەی کە لەسەر هیچ بونیادێک نین، کە گوایە فێڵ و تەڵەکە لە هەڵبژاردنەکاندا کراون.

براد ڕافنسپرجەر سکرتێری ویلایەتی جۆرجیا ڕۆژی هەینی گوتی دەنگەکانی ویلایەتەکە هەژمار دەکرێنەوە چونکە سەرکەوتنی بایدن کەمترە لە %0.5 ی دەنگەکان. کاربەدەستانی جۆرجیا دەڵێن نزیکەی 9 هەزار دەنگی لەشکر و ئەوانەی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەنگیان داوە هێشتا نەگەیشتوون و دەشێ ئەوانیش بگەن و پەسەند بکرێن ئەگەر مۆری پۆستەی ڕۆژی هەڵبژاردن یان پێشتری پێوەبێت.

هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ داوای ژماردنەوەی دەنگەکانی ویسکانسنیش دەکات، کە بایدن بە نزیکەی 20 هەزار دەنگ سەرکەوتووە.

ترامپ، بەبێ بەڵگە، ڕۆژی پێنجشەممە دیموکراتەکانی تاوانبارکرد بە ئەنجامدانی ساختەکارییەکی زۆر و خراپەکاری تا ڕێگری لێبکەن ببێتەوە بە سەرۆک.

لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەگەری لە کۆشکی سپی گوتی " ئەوان دەیانەوێت ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، ئەوان دەیانەوێت فێڵ بکەن، و ئێمە ناتوانین ڕێگەیان پێبدەین ئەو کارە بکەن."

ترامپ کاربەدەستانی ویلایەتەکانی تاوانبارکرد بەوەی کە ڕێگەنادەن بە هەڵمەتەکەی تا چاودێری جیاکردنەوەی دەنگەکان بکەن، دەنگدان بە ڕێگای پۆستەی بە " سیستمێکی گەندەڵ" وەسف کرد کە " هیچ پێوانەیەکی پێداچوونەوەی" تێدا نییە و گوتیشی پێشبینی دەکات سکاڵاکانی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بچێتە بەردەم دادگای باڵا. هەروەها بەبێ خستنە ڕووی هیچ بەڵگەیەک گوتیشی " گەندەڵی لە هەڵبژاردندا کراوە" لەو ویلایەتانەی کە فەرمانڕەواکانیان دیموکراتن.

ئەو ئیدیعا بێبەڵگانەی ترامپ کاردانەوەی لەلایەن هەندێک لە کۆماریخوازەکانی خودی پارتەکەی خۆشی لێکەوتەوە.

سیناتۆر مت ڕامنی، بەربژێری پێشوی کۆمارییەکان کە ڕەخنەگرێکی سەرەکییە لە ترامپ ڕۆژی هەینی لە تویتێکدا گوتی ترامپ " هەڵەدەکات کە دەڵێت هەڵبژاردنەکان فرتوفێڵ، گەندەڵ و ساختەکاری بوون." ئەو گوتیشی " ئەنجامدانی ئەم کارە کاردەکاتە سەر ئازادییەکان و بەشێوەیەکی سەرکێشانە ئاگری تێکدەرانەو مەترسی خۆشدەکات."

بنجمن هۆڤلاند کە کاربۆ کۆمیتەی هاوکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەمەریکا دەکات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی کە فرتوفێڵێکی فراوان لە وڵاتەکەدا کرابێت.

پارێزەرەکانی کە نوێنەرایەتی سەرۆک ترامپ و کۆمارییەکان دەکەن سکاڵایی یاساییان لە دژی ئەوەی کە ناویان لێناوە بێسەروبەری لە هەژمارکردنی دەنگەکان تۆمار کردووە و داوا دەکەن هەژمارکردنی دەنگەکانی کە بە ڕێگای پۆستە دراون لە پێنسلڤانیا ڕاگیرێت لە کاتێکدا هەتا دەنگی پۆستە زیاتر دەژمێردرا دەنگەکانی بایدن زیاتر دەبوون.

دیموکراتەکان داوایان لە پشتیوانانیان کرد بە ڕێگای پۆستە دەنگی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کاتێکدا سەرۆک ترامپ داوای لە دەنگدەران کرد خۆیان لە ڕۆژی دەنگدان بڕۆن دەنگ بدەن.

متمانەی دیموکراتەکان

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی، گوتی سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا " نزیکەی" بەڵام داوای دانبەخۆدا گرتنی کرد لە لاتێکدا دەنگەکان دەژمێردرێن.

پیلۆسی گوتی " مافی دەنگدان مافێکی پارێزراوە لە وڵاتەکەماندا. و ژماردنی ئەو دەنگانەش بونیادێکی بنچینەیی دیموکراسیمانە."

بایدنیش ڕۆژی هەینی گوتی ئەو وای دادەنێت کە سەرۆکایەتی دەکات و تیمەکەی پلانەکان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەنە ئەرکی سەرەکییان.

بایدن گوتی "لە یەکەم ڕۆژدا ئێمە پلانەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ کۆنتڕۆڵکردنیه ئەم ڤایرۆسە".

XS
SM
MD
LG