Accessibility links

دادوەر ئێمی کۆنی بێرێت لەلایەن سیناتەوە پەسەند دەکرێت و سوێندی یاسایی دەخوات


ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە سیناتی ئەمەریکا بە 52 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 48 دەنگی نەخێر دادوەر ئێمی کۆنی بێرتی دادوەری تێهەڵچونەوەی فیدراڵی پشتڕاست کردەوە بۆ پۆستی دادگای باڵا.

سیناتۆری کۆماریی سوزان کۆلینزی مەین چووە پاڵ هەموو دیموکراتەکان و دەنگی دژی پشتڕاستکردنەوەی بێرێت دا. کۆلینس گوتی ئەو دەنگ بە پشتڕاستکردنەوەی بێرێت نادات بەهۆی نزیکی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەفتەی داهاتوو .

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد ، بەلایەنی کەم لەماوەی 150 ساڵی ڕابوردوودا هیچ دادوەرێکی تری دادگای باڵای ئەمەریکا بەو شێوەیە پەسەند نەکراوە کە هیچ جۆرە پشتیوانییەکی لەلایەن پاتی کەمینەوە نەبێت.

بێرت سێهەم دادوەری دادگای باڵای 9 ئەندامییە لەلایەن سەرۆک دانۆڵد ترامپەوە دەستنیشان بکرێت و بەشێوەیەکی بەرچاو هاوسەنگی ئایدۆلۆژیا بەرەو 3 بە 6 ی زۆرینەی پارێزکاران دەبات.

هەر ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە دادوەر بێرێت لە ڕێوڕەسمێکدا لە کۆشکی سپی لەبەردەم دادوەری دادگای باڵا کلارێنس تامس سوێندی یاسایی خوارد.

مەڕاسیمی سوێند خواردنی ئێمی بێرێت لەبەردەم دادوەری دادگای باڵا کلارێن تامس لە کۆشکی سپی
مەڕاسیمی سوێند خواردنی ئێمی بێرێت لەبەردەم دادوەری دادگای باڵا کلارێن تامس لە کۆشکی سپی

دیموکراتەکان مشتومڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبوایە بڕیاری هەڵبژاردنی پاڵێوراو بۆ کورسییەکە هەڵگیرایە بۆ ئەو کاندیدەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەردەکەوێت هەمان ئەو هەڵوێستەی کە کۆمارییەکان لە سەرەتای ساڵی 2016دا نواندیان لەسەر پڕکردنەوەی کورسیەکی دادگای باڵا لە ساڵی هەڵبژاردندا. کۆمارییەکان ڕەتیان کردەوە کە پاڵێوراوی سەرۆکی دیموکراتەکان باراک ئۆباما بۆ دادوەرێکی دادگای بالا، مێریک گارلاند ڕەچاو بکەن.

XS
SM
MD
LG