Accessibility links

ڕووگەش جەباری: لەو ڕۆژەوەی شێروان شێروانی براوە هیچ هەواڵێکی نازانین


پاش ئەوەی ڕۆژناموان شێروان شێروانی لە شاری هەولێر لەلایەن هێزێکی چەکدار، وەک هاوسەرەکەی ئاماژەی پێدەکات، لە ماڵەکەی خۆیدا دەبرێت، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێکی نەزانراوە.

ڕووگەش جەباری لەمیانەی وتووێژێکیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئەمە چوارم جارە هاوسەرەکەم دەستگیر بکرێت، بەڵام هیچ جارێکیان وەکو ئەمجارە بەشێوەیەکی وەها ترسناک دەستگیر نەکراوە."

خاتو جەباری جەختیش دەکاتەوە لەوەی هاوسەرەکەی لەسەر "بیروڕای ئازادی خۆی" دەستگیر کراوە.

ئەو هەروەها باس لە کاردانەوەی منداڵەکانی دەکات بەرامبەر شێوازی دەستگیرکردنەی باوکیان و دەڵێت " کوڕە گەورەکەم زۆربەی جار لەناو خەو هەڵئەسێت و ئەیکات بە هاوار هاوار و ئەیەوێت لەسەر جێگای خۆی ڕاکات ئاگای لە خۆی نییە."

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نیودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەفتەی ڕابوردوو لە ڕایگەیاندراوێکدا گوتویەتی " شێروان شێروانی لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بەوەداناوە لە سەرچاوەیەکی دەرەکییەوە یارمەتی دارایی کراوە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و پشێوی، ناشرینکردن و گوتنی قسەی نەشیاو بە بەرپرسان و کەسانی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی دیاریکراو و هەروەها بەلاڕێدابردنی ناڕەزایی و خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەکان بۆ دروستبوونی تووندوتیژی و هەڕەشەکردن لە دادوەران."

بەڵام ڕووگەش جەباری هاوسەری شێروان شێروانی لە وتووێژەکەیدا کە دەخیلی شەمۆ لەگەڵی ئەنجامی داوە ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە هاوسەرەکەی هیچ دەستێکی دەرەکی لە پشتبێت و بە " ناوزڕاندن" وەسفی دەکات.

لە هەفتەی ڕابوردوو کۆمیتەی پاراستی مافەکانی ڕۆژنامەوانان ناسراو بە CPJ بنکە لە نیویۆرک لە بەیاننامەیەکیدا ڕایگەیاند " پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق هەر تۆمەتێکی دژ بە ڕۆژنامەنووس شێروان ئەمین شێروانی هەیە ئاشکرای بکەن یان دەستبەجێ ئازادی بکەن."

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا لێدوان لە دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نیودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

دەقی وتووێژەکە

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:49 0:00


XS
SM
MD
LG