Accessibility links

وردەکاری لەسەر دەستگیرکردنی شێروان شێراونی


دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی لە هەفتەی ڕابوردوودا لە شاری هەولێر بۆتە جێگای مشتومڕ لە نێوان ڕێکخراوە هەرێمەی و جیهانییەکان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دیندار زێباری لەدواهەمین وەڵامدانەوەیدا سەبارەت بە دەستگیرکردن و ئەو تومەتانەی ئاڕاستەی شیروان شێروانی رۆژنامەوان کراون دەڵێت شێروان شێروانی لەسەر فەرمانی راگرتن کە لە دادگای لێکۆڵینەوەی دهۆک دەرچووە دەستگیر کراوە و "تۆمەتبارە بەپێی ماددەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە (21) بۆ ساڵی 2001 کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەموارکراوە".

بەڵام سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیردن لە رۆژنامەوانان زیاتر یاساکە رووندەکاتەوە دەڵێت " ماددەی 156 لە یاسای ژمارە 111 ی ساڵی 1969 یاسای سزادانی عێراقی، تایبەتە بە سزادانی ئەو کەسانەی بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لەرێگەی بەکارهێنانی چەکەوە، دەچنە ناو حزب یان گروپێکەوە بە هاوکاری بێگانە." ئەو سەنتەری داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەوانان دەشڵێت " ‎زۆربەی وەڵامەکانی دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان قایلکەر نین بۆ رای گشتی ناوخۆو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان."

لەلایەکی ترەوە کۆمیتەی پاراستی مافەکانی ڕۆژنامەوانان ناسراو بە CPJ بنکە لە نیویۆرک لە بەیاننامەیەکیدا دەڵێت " پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق هەر تۆمەتێکی دژ بە ڕۆژنامەنووس شێروان ئەمین شێروانی هەیە ئاشکرای بکەن یان دەستبەجێ ئازادی بکەن."

بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە سەندیکای رۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان هیچ بەیاننامە یان لێدوانێکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردتەوە.

‎هەر بەپێی ڕاگەیاندنەکەی دیندار زێباری، باس لەوە دەکات کە لەکاتی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا، شێروان شێروانی دانی بەوەدا ناوە کە ئەو "لە سەرچاوەی دەرەکییەوە یارمەتی دارایی کراوە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و پشێوی، ناشرینکردن و گوتنی قسەی نەشیاو بە بەرپرسان و کەسانی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی دیاریکراو، هەروەها بەلاڕێدابردنی ناڕەزایی و خۆپێشاندانە ئاشتیخوازییەکان بۆ دروستبوونی تووندوتیژی هەروەها هەڕەشەکردن لە دادوەران".

ڕوگەش عزەدین هاوسەری ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی پێشتر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو "شەش ئۆتۆمبێل هاتنە بەردەرگای ماڵەکەمان و 10 پیاو خۆیان کرد بە ژوورەوە، چواریان جلی مەدەنیان لەبەربوو و شەشی تریش جلی پۆلیس، شێروانیش ڕایکرد بۆ سەرەوە و هێنایە خوارەوە و لەبەر چاوی منداڵەکان دەستگیریان کرد و کەلەپـچەیان کرد و بە ئۆتۆمبێلێکی جام ڕەشەوە بردیان و وتیان تا لاپـتۆبەکەش نەبەن ناڕۆن ئەوانەشی کە بۆ لاپـتۆبەکە دەگەڕان پۆلیس نەبوون جلی مەدەنیان لەبەربوو تا لاپـتۆبەکەیان دۆزیەوە."

ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ نوێنەری CPJ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا ڕایگەیاند" ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات لە ژێر فرمانی یاسادا کار بکات، ئەوا ناتوانێت ڕۆژنامەوانان بێسەوشوێن بکات."

CPJ دەشڵێت "لە ڕۆژانی پێش دەستگیرکردنیدا، شێروانی لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووک، کە زیاتر لە 10 هەزار شوێنکەوتووی هەیە، ڕەخنەی لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی گرتووە و داوای لە یاسادانەران کردووە، کە پرسیار لە سەرۆکی حکومەت بکەن لەبارەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە هەرێمەکە".

هاوکات ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری گشتی سەنتەری میترۆ دەڵێت " شێروانی ئەگەر بە پێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن یان ناوزڕاندن بە یاسای عێراقی تۆمەتباربکرێت ئەوا دەتوانن تا پێنج ساڵ زیندانی و بڕی 5 ملیۆن دیناری عێراقی (4200 دۆلاری ئەمەریکایی) سزای بدەن، ئەگەر بە مادەی 433 ی یاسای سزای عێراقی تۆمەتبار بکرێت بە ناوزڕاندن، لەوانەیە ڕووبەڕووی یەک ساڵ زیندانی و بڕی 100 دینار (نزیکەی 8 سەنتی ئەمەریکا) سزابدرێت".

شایەنی باسە بەپێی راپۆرتی ئەوکاتەی کۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەوانان CPJ لەنیۆرک، شێروانی پێشتر لە 28ی مانگی 9ی 2019 لە شاری دهۆک دەستگیرکرا، بە و تۆمەتانەی کە لە دژی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجام دراون، ماوەی 42 رۆژ زیندانیکرا. هەروەها بەپێی توێژینەوەی CPJ ، لە مانگی 4ی ساڵی 2012 دا شێروانی بەبێ فەرمانی گرتن و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەسەر دوو ماددە کە رەخنەی لە گەندەڵی حکومەت گرتووە دەستگیرکرا .

لەکۆتایی بەیاننامەیەکایندا سەنتەری میترۆ دەڵێت ئێمە وەک سەنتەری میترۆ تۆمەتەکانی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی رەتدەکەینەوە، داوا دەکەین دەسبەجێ ئەو مادە یاساییە بگۆڕی بۆ یاسای رۆژنامەگەری و بە کەفالەت ئازاد بکرێت.

هەروەها دەیان رۆژنامەوان و میدیاکار لەهەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمەکە ئەم دەستگیرکردنەی شیروان شێروانی رۆژنامەنوس شەرمەزار دەکەن. کەمپینێک بۆ داکۆکیکردن لەئازادی و سەلامەتیی ” شێروان شێروانی " دامەزراوە.

XS
SM
MD
LG