Accessibility links

سەرۆک ترامپ باس لە بەرگری لەشی خۆی دەکات بۆ فۆکس نیوس


سەرۆک دانۆڵد ترامپ، جەخت دەکاتەوە لەوەی بەرگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە و ئەم جەختکردنەوەیەشی دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی پزیشکەکەی بووە کە چییدی سەرۆک ترامپ سەرچاوەیەک نییە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاکە.

سەرۆک ترامپ لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوس، دەڵێت " بەرگری جەستەیی هەیە و لەوانەیە بۆ کاتێکی درێژخایەن بێت و لەوانەشە بۆ کورتخایەن بێت، ئەوەیان نازانم بەڵام دەزانم لەشم بەرگری هەیە."

سەرۆکی ئەمریکا هەر لەو لێدوانەیدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوس دەڵێت "سەرۆکێکتان هەیە کە خاوەنی بەرگری جەستەیە، ئێستا سەرۆکێکتان هەیە پێویستی بەوە نییە لە ژێرزەمینی ماڵەکەیدا خۆی بشارێتەوە وەک ڕکابەرەکەی." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ جۆو بایدن، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە ڕۆژی 3 ی مانگی یازدە بکرێت.

هێشتا پرسیارگەلێکی زۆر بێ وەڵام ماونەتەوە لەسەر پرسی بەرگری لەش لە پەیوەندی بە کۆڤید 19وە، و هێشتاش بە وردی نازانرێت دژە تەنەکان چەندێک دەتوانن بەرگری لەش بەهێز بکەن و هێشتاش نەزانراوە ئایا ماوەی ئاستی بەرگری لەش چەندێک دەخایەنێت.

سەرۆک ترامپ لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا بۆ فۆکس نیوس، ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەشێت ڕکابەرەکەی نەخۆش بێت و دەڵێت "ئەگەر سەیری جۆو بکەیت، ئەوا دەتبینی ڕۆژی شەممە چەند بە شێوەیەکی خراپ دەپژمی و ئەوجا دەستی بە دەمامکەکەیەوە دەگرت و دەپژمییەوە، نازانم ئەوە مانای چییە بەڵام میدیا زۆر باسی ئەوەی نەکرد."

تیمی بایدن، بەردەوام ئەنجامی پشکنینە تەندروستییەکانی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای دەکات، بڵاودەکەنەوە و تا ئێستا دەرنەکەوتووە کە جۆو بایدن هەڵگری ڤایرۆسی کۆڤید 19 بێت.

وەها بڕیارە لە سەرەتاکانی ئەم هەفتەیەوە سەرۆک ترامپ دەست بکاتەوە بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و ڕۆژی دووشەممە لە ستانی فلۆریدا دەبێت و ڕۆژی سێشەممە لە ستانی پێنسلڤانیا و ڕۆژی چوارشەممەش لە ستانی ئایەوا دەبێت.

XS
SM
MD
LG