Accessibility links

گۆتێرێس مەخابنی خۆی دەردەبڕێت لە بەرامبەر زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی ئاکامی کۆرۆنا


بە پێی ئامارەکانی نێوەندی لێکۆڵینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی جۆنس هۆپکنس، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کۆرۆناوە لە سەرانسەری جیهاندا گیانیان لەدەستداوە 1 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و ژمارەی ئەو کەسانەش کە توشی ڤایرۆسەکە بوون گەیشتۆتە زیاتر لە 33 ملیۆن کەس.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس بە دڵگرانییەوە " بە قۆناغێکی بەئازاربەخش" ناودێری کرد و داوای لە جیهان کرد زاڵبن بەسەر ئاستەنگەکانی کە بەهۆی پەتاکەوە هاتونەتە ئاراوە و لە هەڵەکانی ڕابردوو پەند وەربگرن.

گۆتێرس گوتی " ڕێبەرایەتی بەرپرسیارانە گرنگە، زانست گرنگە و هاوکاریکردن گرنگە و زانیاری هەڵە کوشندەیە."

کۆڤد19 کە جۆرێکی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بڕوا دەکرێت لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە شاری ووهانی چینەوە سەری هەڵدابێت.

لە کاتێکدا ژمارەی قوربانیـیانی ئاکامی پەتاکە گەیشتووەتە سەروو ملیۆن، کاربەدەستێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت ڕەنگە ئامارە ڕاستەقینەکان زیاتریش بن.

مایک ڕیان یەکێک لە پسپۆڕە باڵاکانی ڕێکخراوەکە لە میانەی لێدوانەکەیدا لە ژنێڤ گوتی " ئەو ژمارانەی ئێستا پشتڕاست کراونەتەوە لەوانیە کەمتربێت لەوەی لە ڕاستیدا توشی ڤایرۆسی کۆڤد19 بوون یان بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە."

ئەمەش لە کاتێکدایە زۆربەی ولاتانی جیهان لە ناویاندا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش خەریکە ڕووبەڕووی شەپۆلی دووهەمی نەخۆشییەکە دەبنەوە. هەتا ئێستا لە ئەمەریکا 7 ملیۆن و 100 هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوو و زیاتر لە 250 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG