Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر کۆچی دوایی دادوەری دادگای باڵای ئەمەریکا ڕوت بەیدر گینسبەرگ


دادوەر ڕوت بەیدر گینسبەرگ، لیبراڵێکی ئازا لە ساڵی 1993 وە لە دادگای باڵای ئەمەریکایە، ڕۆژی هەینی لە تەمەنی 87 ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆی لە واشنتن کۆچی دوایی کرد. ئەمەش دەرفەت بۆ سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەڕەخسێنێت زۆرینەی پارێزکاران فراوانتربکات بە دەستنیشانکردنی سێهەم کەس بۆ دادگای باڵا لە دەمی دابەشبوونێکی زۆری ئەمەریکا و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.

مردنی گینسبەرگ کۆمەڵێک کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆک دانۆڵد ترامپ کە سەرۆکێکی کۆمارییە پاش بیستنی هەواڵەکە دوای هەڵمەتێکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی میناسۆتا بە پەیامنێرانی گوت " ژیانێکی سەرسوڕهێنەری بەڕێوەبردووە چی تر دەتوانی بیڵێی؟ ئەو زۆر باش بوو، دڵگرانم بە بیستنی ئەم هەواڵە."

پاشان سەرۆک ترامپ بەیاننامەیەکیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەریش بڵاوی کردەوە ڕایگەیاند " ئەمڕۆ وڵاتمان شیوەنی لەدەستدانی یاساناسێکی مەزن دەگێڕیت، دادوەر گینسبەرگ ئەوەی نیشان دا کە مرۆڤ دەتوانێت ناکۆک بێت بەبێ ئەوەی بێڕێزبێت بەرامبەر هاوکارەکانی یان ڕوانگەی جیاواز."

کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی جۆو بایدن

" ئەو توند و بێترسبوو لە بەدەستهێنانی مافی مەدەنی بۆ هەموان. بۆچوونەکانی و ناڕەزاییەاکنی بەردەوام بنەمای یاسا دەبن بۆ نەوەیەک. هیچ گومان لەوەدا نییە."

بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەریش بڵای کردۆتەوە "با بە ڕوونی بڵێم، پێویستە دەنگدەران سەرۆک هەڵبژێرن و ئەو سەرۆکەش دادوەر دەستنیشان بکات تا سینات تاوتوێی بکات."

سەرۆکی دادگای باڵا جان ڕۆبەرتس

" وڵاتەکەمان دادوەرێکی مێژوویی لەدەست دا. ئێمە لە دادگای باڵا هاوکارێکی خۆشەویستمان لەدەست دا. ئەمڕۆ ئێمە پرسە دەگێڕین، بەڵام دڵنیاین لەوەی نەوەی داهاتوو ڕوت بەیدر گینسبەرگیان بیر دەمێنێت بەو شێوەیەی کە ئێمە دەیناسین، ماندونەناس و پاڵەوانی یەکلایکەرەوەی دادوەری".

ڕێبەری زۆرینەی سینات میچ مککانێل

" دادوەر گینسبەرگ بەتەواوەتی وابەستەی پیشە یاساییەکەی و 27 ساڵی خزمەتی بوو لە دادگای باڵای ئەمەریکا."

ئەو سیناتۆرە بەناوبانگە کۆمارییە لە بەیاننامەکەیدا گوتیشی " ئەمەریکاییەکان زۆرینەی ئێمەیان لە ساڵی 2016 هەڵبژارد و لە ساڵی 2018 ش فراوانتریان کرد ئێمە بەڵێنمان دا لەگەڵ سەرۆک ترامپ کار بکەین و پشتیوانی بکەین لە کارنامەکانی بە تایبەتی دەستنیشانکراوە دیارەکانی بۆ دەستەی دادوەری فیدراڵی. جارێکی تر ئێمە بەڵێنی خۆمان بەجێ دەگەیەنین. بەربژێری سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە سیناتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەنگی پێدەدرێت."

سیناتۆر دایان فاینستاین، دیموکراتی باڵا لە دەستەی دادوەری

" لە هیچ بارودۆخێک دا نابێت سینات تاوتوێی جێگرەوەیەک بۆ دادوەر گینسبەرگ بکات تا دوای دەست بەکاربوونی سەرۆکایەتی".

ڕێبەری دیموکراتەکان لە سینات چاک شومەر

گەلی ئەمەریکا پێویستە دەنگیان هەبێت لە هەڵبژاردنی دادوەری داهاتووی دادگای باڵا. بۆیە ئەم شوێنە نابێت هەتا پاش هەڵبژاردنەکان پڕبکرێتەوە." شومەر لە تویتێکدا گوتیشی " ئەو دەخوازێت هەمومان تا لە تواناماندا بێت بجەنگین بۆ پاراستنی بۆچوونەکانی".

سەرۆکی کارمەندانی کۆشکی سپی، مارک مێدۆس

" لەگەڵ هەمو وڵاتدا ئەمشەو پرسەی لەدەستدانی دادوەر ڕوت بەیدر گینسبەرگ دەگێڕین، کەسێک کە داهێنەری ڕێچکەی نوێ بوو، خۆی تەرخان کردبوو بۆ خزمەتکردنی گشتی و نمونەیەک بوو بۆ زۆر کەس. نزکانم لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیەتی."

جیرۆڵد نادلەر، سەرۆکی دیموکراتی کۆمیتەی دادوەری ئەنجومەنی نوێنەران

" ڕوت بەیدر گینسبەرگ نیشانەیەکی لەبیرنەکراوی لەم وڵاتە بەجێهێشت، لە دەستدانی ئەو زۆر بەقوڵی هەستیپێدەکرێت. ئەو بە هزرە بلیمەتەکەی لەبیر خەڵکی دەمێنێت، بە ئازایەتییەکەی، و شەڕی بەردەوامی لە هەمو ژیانی بۆ پاراستنی مافی ژنان لەم وڵاتەدا".

سەرۆکی دەستەی دادوەری سینات، لێندسی گراهام

" بە خەمێکی گەورەوە هەواڵی کۆچی دوایی دادوەر گینسبەرگم بیست" . ئەم سیناتۆرە کۆمارییە لە تویتەکەیدا دەشڵێت " دادوەر گینسبەرگ داهێنەری ڕێچکەی نوێ بوو ڕژد بوو لەسەر بۆچوونەکانی."

سیناتۆری کۆماری مت ڕامنی

" ئەو دۆستایەتییە جوانەی کە لەگەڵ دادوەری کۆچکردوو سکالیا هەیبوو وەکو بیرخستنەوەیەک بوو بۆ هەموو ئەمەریکییەکان کە بە میهرەبانی و ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن ، سەرەڕای جیاوازیەکانمان"

کاندیدی پێشوی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی هیلاری کڵنتن

"دادوەری گینسبەرگ ڕێگەی بۆ زۆرێک لە ژنان خۆش کرد، بە منیشەوە، هەرگیز کەس وەکو ئەو نابێت سوپاس RBG"."

سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا باراک ئۆباما

" لە کارێکی درێژدەم لەسەر کورسی هەردوولا، وەکو دادخواستێکی بێوچان و یاساناسێکی توند، دادوەر گینسبەرگ یارمەتیداین بزانین جیاوازی کردن لەسەر بنەمای جێندەر تەنها بابەتی یەکسانی نییە، ئەمە تەنها زیان بە ژن ناگەیەنێت، بەڵکو کاریگەرییەکی ڕاستەقینەی بەسەر هەمومانەوە هەیە. ئەمە شتێکە لەسەر ئەوەی ئێمە کێین و دەتوانین کێ بین"

سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا جۆرج بوش

" بەشێکی زۆری ئەو 87 ساڵەی ژیانی بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و یەکسانی تەرخان کرد، و ئەو هاندەربوو بۆ زیاتر لە یەک نەوی ژنان و کچان."

سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا بیڵ کڵنتن

" ئێمە یەکێک لە دادوەرە هەرە مەزنەکانی دادگای باڵامان لەدەستدا. ژیانی ڕوت بەیدر گینسبەرگ و بۆچوونەکانی ئێمەی نزیکتر کردەوە لە بیرۆکەی تەواو. ناڕەزایەتییە بەهێزەکانی ئەوەی بیرمان خستەوە کە ئێمە بە ترسناکی لە بەڵێنی دەستورمان دووردەکەوینەوە".

سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا جیمی کارتەر

"مێشکێکی یاسایی بەهێز و دەنگێکی بەوەفا بۆ یەکسانی جێندەر، ئەو نمونەی دادپەروەری بوو لە ئەزموونی دورودرێژی کارەکەیدا. من شانازی بەوەدەکەم کە لە ساڵی 1980 دەستنیشانم کرد بۆ دادگای پێداچوونەوەی ئەمەریکا."

سیناتۆر بێرنی ساندەرس

کۆچی دوایی دادوەر روت بەیدر گینسبەرگ لەدەستدانێکی مەزنە بۆ وڵاتەکەمان، ئەو قارەمانێکی گەورەی دادپەروەری و یەکسانی مافەکان بوو، وە هەمیشە وەکو دادوەرێکی مەزنی مێژووی مۆدێرنی ئەمەریکا لەبیر دەمێنیتەوە."

سیناتۆر چاک گراسلی، بەرپرسی پێشوی کۆماری لە کۆمیتەی دادوەری

" بۆ زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە باڵاترین دادگای وڵات، دادوەر گینسبەرگ ماندونەناسانە کاریکرد بۆ دادپەروەرییەکی باشتر و دەرفەت بۆ هەموان. ئەو ڕێچکەیەکی نوێی لە زۆر ڕووەوە بۆ زۆر کەس گرتەبەر."

سیناتۆری دیموکرات کیرستن گیلیبراند

"ئەو لە پێناو مسۆگەرکردنی پاراستنی یەکسانی لە یاساکانماندا خەباتی کرد، بێترسانە دژایەتی کرد و بەرگری کرد، و نمونەیەکی سەرەکی بوو بۆ هەمومان. من زۆر خەمبارم بە هەواڵی کۆچکردنی. سوپاس دادوەر گینسبەرگ. بە بە‌هێزی بنو."



XS
SM
MD
LG