Accessibility links

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا تووشی کۆرۆنا دەبێت


پشکنینە تەندروستییەکان پشتڕاستیان کردۆتەوە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا توشی پەتای کۆرۆنا بووە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، ژمارەیەک نیشانەی کەم هەبوون سەبارەت بە باری تەندروستی ڕۆبێرت ئۆبراین، هەر لەو کاتەشەوە خۆی کەرەنتینە کردووە و لە شوێنێکی دوور لە جێی کارەکەیەوە، ئەرکەکانی خۆی بەڕێوەدەبات.

کۆشکی سپی دەڵێت ئەو ڕەوشە تەندروستییەی ئۆبراین هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی نەبووە لەسەر سەرۆک ترامپ و هەروەهاش لەسەر مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا.

سەرەتا بڵاوبوونەوەی هەواڵی توشبوونی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، لە ماڵپەڕی "بلومبێرگ نیوس"ەوە بوو و دەڵێت ڕۆبێرت ئۆبراین پاش بۆنەیەکی خێزانی، توشی پەتای کۆرۆنا بووە.

لە ئێستادا دوو سەرچاوە بەو مەرجەی ناویان نەهێنرێت، هەواڵەکەیان بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێس پشتڕاست کردۆتەوە.

پێشتر یاریدەدەرێکی سەرۆک ترامپ و هەروەها سکرتێری ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا توشی پەتای کۆرۆنا بوون.

تا ئێستا بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ئەمریکادا زیاتر لە 4 ملیۆن کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان.

گەورە بەرپرسانی کۆشکی سپی و هەر کەسێکیش کە ڕۆژانە پەیوەندی نزیکی هەبێت لەگەڵ سەرۆک ترامپ و جێگرەکەشیدا، پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکرێت.

XS
SM
MD
LG