Accessibility links

سەرۆکی شارەوانی شارەسەرەکییەکانی ئەمەریکا دژی بڵاوبوونەوەی هێزی فیدراڵین لە شارەکانیان


پانزە سەرۆکی شارەوانی شارە سەرەکییەکانی ئەمەریکا داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەن دەستبەجێ هێزە فیدراڵییەکان لە شارەکاندا بکشێنێتەوەو چیتر یەکلایەنە هێز لە شارەکانی ئەمەریکادا بڵاو نەکاتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ئەو گروپە نامەیەکیان بۆ وەزیری داد ویلیەم بار و وەزیری ئاسایشی نیشمانی بە وەکالەت، چاد وۆڵف نوسیوە و تیایدا دەڵێن حکومەتی فیدراڵی خۆی بە تەنها بڕیار دەکات بۆ ناردنی هێز بۆ شارەکانی ئەمەریکا " ئەمە شتێکە کە پێشتر ڕووینەداوە ئەمەش پێشێلکردنی دەستوورە."

سەرۆک شارەوانییەکانی شارەکانی واشنتن دی سی ، لۆس ئەنجلس، ئەتلانتا، شیکاگۆ و پۆرتلاندیش بریتین لەو گروپە.

هێزەکانی فیدراڵی لە دەمی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لە بەردەم دادگای ئەمەریکا لە پۆرتلاند
هێزەکانی فیدراڵی لە دەمی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لە بەردەم دادگای ئەمەریکا لە پۆرتلاند

پۆتلاندی ویلایەتی ئۆریگن، لە پێشەنگی ناڕەزایەتییەکەدایە لەو کاتەوەی هێزکانی فیدراڵی لە سەرەتای مانگی حەوت بە شارەکەدا بڵاوبوونەوە. لەوەتای ئەو هێزانە چوون بۆ شارەکە ئەو خۆپیشاندانە بچووکانەی کە دژ بە توندوتیژییەکانی پۆلیس و ناڕەوایەتی ئەنجام دەدران زیادیان کردووەو توندتریش بوون لە کاتێکدا پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی فیدراڵیدا ڕوودەدات و ئیدعای ئەوەش دەکرێت کە گوایە هێزە فیدراڵییەکان خەڵکی بە ئۆتۆمبێلی نەناسراو دەبەن بەبێ هیچ هۆکارێک.

کاربەدەستانی فیدراڵیش بەرگری لە بڵاوبوونەوەی هێزەکان دەکەن و بە هەنگاوێکی پێویست ناودێری دەکەن و دەڵێن ڕێبەرە خۆجێهییەکان و هێزەکانی چەسپاندنی یاسا سەرکەوتوو نەبوون لە ڕاگرتنی زیانەکان و توندوتیژییەکان بەرامبەر بە هێزەفیدرالییەکان لە دادگای ئەمەریکا لە پۆرتلاند.

وەزیری ئاسایشی نیشمانی بە وەکالەت، چاک وۆڵف لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند " دەبێت چارەسەرێکی ئاشتیانە بدۆزینەوە، ئێمە دەبێت بتوانین دامودەزگا حکومییەکان و هێزەکانی چەسپاندنی یاسا بپارێزین."

سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی داوە هەوڵەکانی فراوانتربکات بۆ ناردنی هێزی زیاتری فیدراڵی بۆ شارە سەرەکییەکانی ئەمەریکا.

شارەوانی نیویۆرک بیل دی بلاسیۆ ڕۆژی سێشەممە گوتی ناردنی هێزی فیدراڵی لەلایەن ترامپەوە تەنها کێشە زۆرتر دەکات و شارەکە دەستبەجێ هەنگاوی یاسایی دەنێت بۆ ڕاگرتنی.

دی بلاسیۆ گوتی " ئەوەی کە لە پۆرتلاند ڕوویدا شەرمەزارییە، ڕێک هێزەکانی حکومەت لە کاتێکدا هاتنە ناوەوە کە کاربەدەستانی خۆجێهی خەریک بوون کێشەکانیان چارەسەردەکرد، بەڵام ئەوان ڕەوشەکەیان ئاڵۆزترکرد."

لە میانەی خۆپیشاندانەکانی " ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە" لە شاری پۆرتلاندی ئۆریگن شۆفێرێک تەقە بە ئاسماندا دەکات
لە میانەی خۆپیشاندانەکانی " ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە" لە شاری پۆرتلاندی ئۆریگن شۆفێرێک تەقە بە ئاسماندا دەکات

لەوەتای جۆرج فلیۆدی ڕەش پێست لە کاتێکدا لەلایەن پۆلیسەوە قۆڵبەست کرابوو گیانی لەدەستدا خۆپیشاندان لە ژێر دروشمی " ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە" سەرتاسەری ئەمەریکای گرتەوە چەندین جار توندوتژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی چەسپاندنی یاسا دروست بوو، لە هەندێک شاردا خۆپیشاندەران گڕیان بەردەدا لە باڵەخانەکان.

XS
SM
MD
LG