Accessibility links

ئاهەنگەکانی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا لە واشنتن


سەرباری نیگەرانییەکانی شارەکە لەمەڕ ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڕێوەبەرایەتی ترامپ پلانی داناوە ئێوارەی ڕۆژی شەممە نمایشێکی گەوەری یارییە ئاگرینەکان بەبۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی لە واشنتنی پایتەخت ئەنجام بدات.

ئەمەریکا هێشتا لە هەمو جیهان زیاتر حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدایە، ژمارەی توشبووانی ئەمەریکا گەیشتۆتە نزیکەی 2 ملیۆن و 800 هەزار کەس.

وەزیری ناوخۆ دەیڤد بەرنارت ئاماژەی بەوە کرد بەرنامەکان بۆ ئاهەنگەکانی 4 ی حەوت نمایشێکی گەورەی یارییە ئاگرینەکانە کە بریتی دەبێت لە بەکارهێنانی 10 هەزار تەرەقەی ئاگرین و بە گەورەترین نمایشی سەردەم ناودێری کرد.

ئەو لە بەیاننامەیەکدا گوتیشی وەزارەتی بەرگریش بە نمایشێکی ئاسمانی بەشدار دەبێت و سڵاوی 2020 ی سەرۆک ترامپیش بۆ ئەمەریکا ڕێزلێنانێکی نیشتمانی دەبێت بۆ ئەوانەی بەرگری لە ئەمەریکا دەکەن.

کاربەدەستانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێن 300 هەزار ماسکیان لەبەردەستە تا دابەشی بکەن بەسەر ئەو کەسانەی کە دەچنە گۆڕەپانی نیشتمانی لە واشنتن بۆ فیستیڤاڵەکە هەرچەندە هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکراوە کە مەرجیان دانابێت بۆ پۆشینی ماسکەکان.

بەرنارت گوتیشی داوا لە ئامادەبوان دەکەین ماسک دابنێنن و نزیکەی دوو مەتر لەیەک دوور ڕاوەستن.

شارەوانی واشنتن دی سی مێریەل باوسەر ڕەخنەی لە بەرنامەکان گرتووەو دەڵێت ئەو بەرنامانە دژی ڕێنوماییەکانی تەندروستین.

باوسەر گوتی " ئێمە دەزانین ئەمە بۆنەیەکی تایبەتە بۆ وەزارەتی ناوخۆ. ئێمە قسەمان لەگەڵیاندا کردووەو پێمان وایە ئەمە لەگەڵ ڕێنوماییەکانی نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشیەکان و ڕێنوماییەکانی وەزارەتی تەندروستیدا ناگونجێت."

ئەو گوتیشی ڕێوڕەسمەکان بە تەواوەوتی لەو شوێنانەدا ئەنجام دەدرێت کە لە ژێر دەستی حکومەتی فیدراڵییە کەواتە ئەو هیچ مافێکی نییە ئەو فیستیڤاڵانە پوچەڵ بکاتەوە.

XS
SM
MD
LG