Accessibility links

سەرۆک ترامپ نکوڵی لەوە دەکات پێی گوترابێت ڕوسیا پارەی داوە بۆ کوشتنی ئەمەریکاییەکان لە ئەفغانستان


سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند بە هیچ شێوەیەک لەوە ئاگادار نەکراوەتەوە کە ڕوسیا پارەی داوە بە ملیتانەکانی سەر بە تالیبان تا سەربازانی ئەمەریکایی لە ئەفغانستان بکوژن. سەرۆک ترامپ هێرشێکی توندی کردە سەر ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمس کە لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت سەرۆک ترامپ ئاگادار کراوەتەوە بەڵام هیچ کردارێکی دژ بە مۆسکۆ ئەنجام نەداوە.

کۆشکی سپیش ڕۆژی شەممە نکوڵی لەوەکرد کە ترامپ ئاگاداری هێچ ڕاپۆرتێکی لەو کرابێتەوە. بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانیش گوتی ترامپ و جێگری سەرۆک مایک پێنس ئاگادار نەکراونەتەوە و ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزی بە نادروست لەقەڵەم دا. سەرۆک ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە تویتێکدا داوای کردووە نیویۆرک تایمس سەرچاوەکەی ئاشکرا بکات ئەو دەڵێت "نە من نە جێگری سەرۆک پێنس و نە مارک مێدۆسی سەرۆکی کارمەندانی کۆشکی سپی ئاگادار نەکراونەتەوە لەسەر ئەوەی گوایە هێزەکانمان لە ئەفغانستان لەلایەن ڕوسییەکانەوە هێرش کراوەتە سەریان هەروەکو چۆن لە ڕێی 'سەرچاوەیەی نەناسراوەوە' لە نیویۆرک تایمسی دەزگای هەواڵی ساختەوە بڵاوکراوەتەوە. هەموان نکوڵی لێ دەکەن و هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەرمان."

سەرۆک ترامپ دەشڵێت" نیویۆرک تایمزی دەزگای هەواڵی ساختە، دەبێت سەرچاوە نەناسراوەکەی ئاشکرا بکات. بەڵام ناتوانن بیکەن چونکە ئەو کەسە لەوانەیە هەر بوونیشی نەبێت."

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمس ڕۆژی هەینی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوەو تیایدا دەڵێت دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بۆی دەرکەوتووە دەزگایەکی هەواڵگری لەشکری ڕوسیا خەڵاتی پارەی داوە بۆ هێرشە سەرکەوتووەکانی ساڵی ڕابوردوو بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و بڕوا دەکرێت ملیتانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و ئەوانەی کە پەیوەندیان بەوانەوە هەیە بڕێک لەو پارەیەیان وەرگرتبێت.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئەو ڕاپۆرتەی ڕەتکردەوە. بەڵام دیموکراتەکان دەڵێن ڕاپۆرتەکەو نکوڵی کردنی ترامپ دواین بەڵگەی ئەوەیە کە سەرۆک چۆن هەوڵ دەدات زانیارییەکانی دژ بە ڕوسیا پشتگوێ بخات و پشتی سەرۆک ڤلادمێر پوتن بگرێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی بە بەرنامەی تەلەفیزیۆنی ABC ڕاگەیاند " ئەمە شتێکی زۆر هەڵەیە، بەڵام دەبێت وەڵامێکی هەبێت."

XS
SM
MD
LG