Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لەسەر قۆناغێکی مەترسیداری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات


پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا قۆناغێکی زۆر توندی تێپەڕاند لە کاتێکدا وڵاتی بەرازیل یەک ملیۆن حاڵەتی توشبوونی پشتڕاست کردەوەو ئەوروپاش ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ژمارەی توشبووانی ئەم ڤایرۆسە گەیشتۆتە 2 ملیۆن و نیو لە کاتێکدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لەسەر " شەپۆلێکی نوێی و مەترسیدار" دەدات.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تیدرۆس گابرییۆس لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی کە بە ڕێگای ئینتەرنێت ئەنجام درابوو گوتی " جیهان لە قۆناغێکی نوێی مەترسیداردایە. زۆر کەس لێیان تێدەگەین کە بیزاربوون ئەوەندە لە ماڵەوە بمێننەوە، بەڵام هێشتا ڤایرۆسەکە زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە."

هەرچەندە خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئەوروپا خاوبۆتەوە، بەڵام هێشتا کاریگەری زۆر خراپی هەیە. نزیکەی نیوەی ئەو دوو ملیۆن و نیو حاڵەتەی ئەوروپا لە وڵاتانی ڕوسیا، بەریتانیا ئیسپانیا و ئیتالیا تۆمار کراون.

ئەوروپا کۆتوبەندەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆی هەڵگرتووە کە بوبون بەهۆی تێکدانی باری ئابوری کیشوەرەکە، بەڵام ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دژی تێکەڵبوونەوەی خەڵکی داوە.

ئەو ڤایرۆسە هەتا ئێستا زیاتر لە 458 هەزار کەسی لە سەرانسەری جیهاندا کوشتووە و زیاد لە 8 ملیۆن و 600 هەزار کەسیش توشی ڤایرۆسەکە بوون.

وڵاتی بەرازیل ڕۆژی هەینی 55 هەزار حاڵەتی لە ڕۆژێکدا ڕاگەیاند و بووە بە دووهەم وڵات پاش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ڕێژەی توشبوون. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش نزیکەی 49 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەست داوە و لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابوردوو ڕۆژانە نزیکەی زیاتر لە هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

لەم هەفتەیەدا کاربەدەستان لە مەکسیک بڕیاریان دا قۆناغی یەکەمی گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی زیاتر دوابخەن کە بڕیار بوو لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێبکات. کاربەدەستانی تەندروستی مەکسیک دەڵێن ڕێژەی توش بوون بە نەخۆشییەکە هێشتا لە وڵاتەکەدا بەرزە.

XS
SM
MD
LG