Accessibility links

بەرپرسی نوێی میدیای دەوڵەتی ئەمەریکا بەڵێن دەدات دەنگی ئەمەریکا بە سەربەخۆیی بمێنێتەوە


سەرپەرشتیاری نوێی دەنگی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بەڵێنی دا پشتگیری کاری ڕۆژنامەگەری سەربەخۆی سەرانسەری جیهان دەکات هەرچەندە ئاژانسەکە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە بودجەکەی دابین دەکرێت.

مایکڵ پاک، کە بەم دواییانە سوێندی یاسایی خوارد وەک بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی، ئەو ئاژانسەی کە سەرپەرشتی دەنگی ئەمەریکا و میدیا جیهانییەکانی تری دەوڵەتی ئەمەریکا دەکات، لە ئیمەیڵێکدا بۆ هەمو کارمەندانی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ئەو " بە تەواوەتی وابەستەیە بە ڕێزگرتن لە یاساو ڕێساکانی دەنگی ئەمەریکا و سەربەخۆیی ڕۆژنامەوانە بوێرەکانمان لە سەرانسەری جیهاندا."

سەرۆک دانۆڵد ترامپ دوو ساڵ لەمەوبەر پاکی، بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان کرد بەڵام دیموکراتەکانی سینات ڕێگریان لەوە کرد دەتنیشانکردنەکەی پەسەند بکرێت، هەتا دوو هەفتە لەمەوبەر سیناتی زۆرینە کۆماری پاکی بۆ خولێکی سێ ساڵی سەرۆکی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی پەسەند کرد.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوودا ترامپ ڕەخنەی لە دەنگی ئەمەریکا گرت بەهۆی ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی لەسەر چین لە میانەی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا. کاتێک لە 15 ی مانگی 5 پرسیاری لەسەر دەستنیشانکردنی پاک لێکرا، ترامپ گوتی " دەنگی ئەمەریکا بە شێوەیەکی زۆر خراپ بەڕێوە دەبرێت. ئەوان دەنگی ئەمەریکا نین، ئەوان پێچەوانەی دەنگی ئەمەریکان."

لە ئیمەیڵەکەیدا بۆ کارمەندانی دەنگی ئەمەریکا پاک هیچ ئاماژەیەیکی بە قسەکانی ترامپ نەکردووە و هەروەها بە هیچ شێوەیەکیش باسی ئەوی نەکردووە کێ وەکو سەرۆکی دەنگی ئەمەریکا دەستنیشان دەکات.

ڕۆژی دووشەممە خاتوو بێنێت و خاتوو سوگاوارا کە هەردووکیان ڕۆژنامەوانی بەناوبانگن و لە ساڵی 2016 وە دەنگی ئەمەریکا بەڕێوەدەبەن دەستلەکار کێشانەوەی خۆیان لە نامەیەکدا ڕاگەیاند و گوتیان پاک مافی ئەوەی هەیە تیمی خۆی دەستنیشان بکات.

دەنگی ئەمەریکا بە 47 زمانی جیاواز بە ڕێگای بەرنامەکانی تەلەفیزیۆنی، ڕادیۆ و ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەواڵەکان دەگەیەنێتە بینەرو بیستەرانی لەسەرانسەری جیهاندا.

XS
SM
MD
LG