Accessibility links

سەرۆکی دەنگی ئەمەریکاو یاریدەدەری سەرەکی دەستلەکار دەکێشنەوە


سەرۆکی دەنگی ئەمەریکا ئەماندا بێنێت و یاریدەدەری سەرەکی ساندرا سوگاوارا دەستیان لە کارەکانیان کێشایەوە پاش ئەوی مایکل پاک پۆستی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئەمەریکای بۆ میدیای جیهانی وەرگرت کە دەنگی ئەمەریکاش لەژێر ڕێبەرایەتی ئەو ئاژانسەدا کاردەکات. ئەوان دەڵێن مایکڵ پاک مافی ئەوەی هەیە تیمی خۆی دابنێت.

خاتوو بێنێت و خاتوو سوگاوارا کە هەردووکیان ڕۆژنامەوانی بەناوبانگن و لە ساڵی 2016 وە دەنگی ئەمەریکا بەڕێوەدەبەن دەستلەکار کێشانەوەی خۆیان لە نامەیەکدا ڕاگەیاند.

لە نامەی دەستلەکار کێشانەوەکەیاندا ستایشی هەوڵەکانی سەدان نوسەر، بێژەر، سەرنوسەر و تیمە تەنکنیکییەکانی دەنگی ئەمەریکایان کرد بۆ هەوڵەکانی بەرەوپێشبردنی دەزگاکە لە ماوەی چوار ساڵی 4 ساڵای ڕابوردوودا.

ئەماندا بێنێت و ساندرا سوگاوارا
ئەماندا بێنێت و ساندرا سوگاوارا

ئەوان بە کارمەندانی دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند " هیچ شتێک لەسەر ئێوە، ئەرکەکەتان یان متمانەتان لە ژێر بەرێوەبەرایەتی پاک ناگۆڕێت."

بێنێت و سوگاوارا گوتیان " مایکڵ پاک لەبەردەم کۆنگرێس سوێندی یاسایی خواردووە کە ڕێز لە سەربەخۆیی دەنگی ئەمەریکا بگرێت، ئەو سەربەخۆییەش وای کردووە متمانەی بینەرو بیستەرانمان لەسەرانسەری جیهانەوە بەدەستبهێنین."

مایکڵ پاک
مایکڵ پاک


سەرۆک دانۆڵد ترامپ دوو ساڵ لەمەوبەر پاکی، بۆ ئەم کارەی دەنگی ئەمەریکا دەستنیشان کرد بەڵام دیموکراتەکانی سینات ڕێگریان لەوە کرد دەتنیشانکردنەکەی پەسەند بکرێت، هەتا ئەم دواییانە. پاک کەسێکی زۆر نزیکە لە داڕێژەری پێشوی ڕێبازی کۆشکی سپی ستیڤ بانن کە یەکێکە لە پشتیوانە هەرە سەرەکییەکانی سەرۆک ترامپ.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوودا ترامپ ڕەخنەی لە دەنگی ئەمەریکا گرت بەهۆی ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی لەسەر چین لە میانەی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا. کاتێک لە 15 ی مانگی 5 پرسیاری لەسەر دەستنیشانکردنی پاک لێکرا، ترامپ گوتی " دەنگی ئەمەریکا بە شێوەیەکی زۆر خراپ بەڕێوە دەبرێت. ئەوان دەنگی ئەمەریکا نین، ئەوان پێچەوانەی دەنگی ئەمەریکان."

لەو کاتەدا ئەماندا بێنێت بەرگری لە ئەرکەکان و ڕاپۆرتەکانی ئەم ئاژانسەکرد کە بودجەی لە حکومەتی ئەمەریکا وەردەگرێت. گوتی " ئێمە بەندی یەکەمی دەستورمان دەگوازینەوە بۆ خەڵکی لە سەرانسەری جیهاندا کە هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە بۆ گەیشتن بە زانیاری ڕاست و دروست و باوەڕپێکراو."

دەنگی ئەمەریکا بە 47 زمانی جیاواز بە ڕێگای بەرنامەکانی تەلەفیزیۆنی، ڕادیۆ و ماڵپەڕ هەواڵەکانی سەرانسەری جیهان دەگەیەنێت بە بینەرو بیستەرانی.

XS
SM
MD
LG