Accessibility links

پولیسێک بە تاوانی کوشتنی جورج فلۆید دەستگیر دەکرێت و سەرۆکی پێشوی ئەمەریکاش دەڵێت نابێت نژادپەرستی شتێکی ئاسایی بێت لەم وڵاتەدا


یەکێک لەو چوار ئەفسەرە پۆلیسانەی شاری میناپلس کە دەستیان هەبووە لە دەستبەسەرکردنی ئەو پیاوە ڕەش پێستەی، کە پاش ئەوەی یەكێک لە پۆلیسەکان چۆکی لەسەر ملی دانابوو گیانی لەدەستدا، ڕۆژی هەینی بە تۆمەتی کوشتن دەستگیر کرا.

ڕاپۆرتە هەواڵییە خۆجێهیەکان دەڵێن ئەو ئەفسەرەی کە دەستگیر کراوە دێرک چاوڤینە، هەمان پۆلیسی کە لە گرتەڤیدۆکەدابینراوە چۆکی خستۆتە سەر ملی جۆرج فلۆید.

مایک فریمان پارێزەری ناوچەی هێنپن کە سپی پێستە لە ڕاگەیاندنێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " لە ئێستادا ئەو دەستبەسەرەو تاوانی کوشتن خراوەتە پاڵی. ئێمە بەڵگەمان هەیە، گرتەی ڤیدیۆیی هاووڵاتیمان لەبەردەستە، کە شتێکی زۆر ترسناک و قێزونە و چەند جارێک بینومانەتەوە."

لە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە، کە تیایدا دەرکەوتووە فلۆید قۆڵبەست کراوەو لەسەر دەم دراوە بەزەویدا دەپارێتەوەو دەڵێت " تکایە ناتوانم هەناسە بدەم" بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیسەکە ئەژنۆی لەسەر ملی داناوە، خۆپیشاندانی توندوتیژ لە شاری میناپلسی مینەسۆتا دەستیپێکرد و بۆ سێ ڕۆژە لەسەر یەک بەردەوامە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی فەرمانڕەوای ویلایەتەکە تیم والز داوای کرد کۆتایی بە خۆپیشاندانی توندوتیژ بهێندرێت کە بووەتە هۆی شێواندنی ڕەوشی شارەکە و گوتی پاسەوانانی نیشتمانی ویلایەتەکە کار دەکەن بۆ چەسپاندنەوەی یاسا دوابەدوای سێ شەوی تاڵانکاری و تێکدان.

سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا باراک ئۆباما ڕۆژی هەینی بەیاننامەیەکی بڵاوکرەوە کە تیایدا هاوخەمی ملیۆنان ئەمەریکایی بوو لەسەر مردنی ئەو پیاوە ڕەشە بەدەستی پۆلیس لە میناسۆتا. ئۆباما دەشڵێت نابێت نژادپەرستی ببێتە شتێکی ئاسایی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. یەکەم سەرۆکی ڕەشپێستی ئەمەریکا باس لە ڕووداوەکەی میناپلس و چەند ڕووداوێکی تر دەکات لە ئەمەریکا و دەڵێت " نابێت ئەمانە لە ساڵی 2020 لە ئەمەریکا ئاسایی بن."

XS
SM
MD
LG