Accessibility links

ئەمریکا دەشێت ڕێگە نەدات لە بەرازیلەوە خەڵک سەردان بکەن


ڕۆبێرت ئۆبراین، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا

ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەشێت ئەمریکا ڕێگە نەدات لە وڵاتی بەرازیلەوە سەردانی ئەمریکا بکرێت.

بەرازیل لە هەموو وڵاتێکی ئەمریکای لاتین زیاتر زیانی پێکەوتووە بەهۆی بڵاوبووندەوەی پەتای کۆرۆناوە.

ڕۆبێرت ئۆبراین، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەڵێت وڵاتەکەی هەموو هەنگاوە پێویستەکان دەنێت بۆ پاراستنی گەلی ئەمریکا.

پێشتر سەرۆک ترامپ بڕیاریدا بۆ ڕێگەگرتن لەوەی لە هەندێک وڵاتەوە سەردانی ئەمریکا بکرێت، وەک بەریتانیا و چین، هەروەها ڕۆژی چوارشەممەش سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە بیر لەوە دەکاتەوە ڕێگە نەدات لە بەرازیلیشەوە سەردانی ئەمریکا بکرێت.

ئۆبراین، ڕۆژی یەکشەممە لە دیمانەکەیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس، ئاماژەشی بەوە کرد کە دەشێت ئەو ڕێگەگرتنە لەوەی بەرازیلیەکان سەردانی ئەمریکا بکەن، ڕێگەگرتنێکی کاتی بێت.

لە بەرازیل تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زیاتر لە347 هەزار کەس توشی پەتای کۆرۆنا بوون و بەپێی ئامارەکانی زانکۆی جۆن هۆپکینز، بەرازیل بە پلەی دووهەم دێت پاش ئەمریکا لە ڕووی ژمارەی توشبوونەوە بە کۆڤید 19.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش تا ئێستا لە بەرازیل زیاتر لە 22 هەزار کەس بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و بە پلەی پێنجهەمیش دێت لە ڕیزبەندی وڵاتاندا بۆ زیانە گیانییەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

ئەمریکا بە پلەی یەکەم دێت لەو ڕیزبەندییەدا و ژمارەی ئەوانەی تا ئێستا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە نزیک بۆتەوە لە 100 هەزار کەس.

XS
SM
MD
LG