یەک لەسەر چواری ئەمەریکاییەکان ناخوازن ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێبدرێت و ژمارەیەکی زۆریش نیگەرانیان لەسەر ئەوە دەربڕیوە کە پەلەکردن لە دروستکردنی بەرهەمێکی زۆر ڕەنگە لەسەر حیسابی پارێزراوی ڤاکسینەکە بێت.
لە کاتێکدا شارەزایانی تەندروستی دەڵێن ڤاکسینێک بۆ بەرگری کردن لە پەتای کۆرۆنا گرنگە تا ژیان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، بەڵام متمانە کردن بە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ زۆر دابەزیوە لە کاتێکدا زۆربەی جار بۆچوونەکانی لەگەڵ ڕێنماییەکانی تەندروستیدا ڕێکنەکەوتوون.
نزیکەی لە %36 ی بەشدار بوانی ئەو ڕاوەرگرتنەی کە لەلایەن ڕۆیتەرز و گروپی Ipsos ئەنجام دراوە دەڵێن ئەوان زیاتر نایانەوێت ڤاکسینەکە لێبدەن ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڵێت ڤاکسینێکی پارێزراوە بەڵام لە %14 ی بەشداربوان گوتویانە ئەگەر ئەو بڵێت ڤاکسینێکی سەلامەتە ئەوا متەمانە بە ڤاکسینەکە زیاتر دەکەن.
زۆربەی ئەو 4،428 کەسەی بەشداری ڕاوەرگرتنەکەیان کردووە دەڵێن ئەوان زیاتر متمانە بە بەڕێوەبەرایەتی دەرمان و خۆراک یان ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەکی گەورەی زانستی دەکەن لەسەر سەلامەتی ڤاکسینەکە.
کەمتر لە دوو لەسەر سێی ئەو کەسانەی کە بەشداری لێکۆڵینەوەکە بوون گوتویانە متمانە بە ڤاکسینەکە دەکەن. ئەو کەسانەی کە بەشداری ڕاپرسییەکەیان کردووە کەسانی تەمەن سەرو 18 ساڵی ئەمەریکایی بوون و لێکۆڵینەوەکە لە 13 بۆ 19 ی مانگی پێنج ئەنجام دراوە.
لێکۆڵینەوە بەردەوامە بەڵام شارەزایانی تەندروستی لەو بڕوایەدان بەلایەنی کەم %70 ی ئەمەریکاییەکان پێویستە بە ڕێگای ڤاکسین یان ئەوانەی کە پێشتر نەخۆشییەکەیان گرتووە سیستمی بەرگری لەشیان بەهێز بێت تا بتوانرێت ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگیرێت.