Accessibility links

زیانە گیانییەکانی پەتای کۆرۆنا لە ئەمریکا


لە ئەمریکا 1680 کەسی تر بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا.

بەپێی ڕاپۆرتی زانکۆی جۆنز هۆپکینز، کە درەنگانێکی ڕۆژی شەممە بڵاوکراوەتەوە، سەرجەم ئەوانەی تا ئێستا بە کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە لە ئەمریکادا گەیشتۆتە 87493 کەس و ژمارەی توشبووانیش بە پەتای کۆرۆنا گەیشتۆتە یەک ملیۆن و 442 هەزار و 924 کەس.

ئەم ڕاپۆرتەی زانکۆی جۆنز هۆپکینز، هاوکاتە لەگەڵ ئەو هیوایەی سەرۆک ترامپ هەیەتی بەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بدۆزرێتەوە.

سەرۆک ترامپ دەڵێت "بەهیواین تا کۆتایی ئەمساڵ یان زووتر بگەینە دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا و بەرەوپێشچوونی زۆر گەورەش لەم بوارەدا کراوە."

سەرۆک ترامپ ئاماژەشی بەوە کردوە کە ناخوازێت خەڵک وەها بزانن هەموو شتێک کەوتۆتە سەر ئەم ڤاکسینە، بەڵام دۆزینەوەی ڤاکسینەکە شتێکی گەورە دەبێت.

دەزگای تەندروستی لە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت لە باشترین سیناریۆدا، ڤاکسینی دژە کۆرنا لە ماوەی یەک ساڵدا ئامادە دەبێت.

هەر سەبارەت بە دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا وەزیری بەرگری ئەمریکا دەڵێت هەوڵەکانی حکومەتی ئەمریکا بە هاوکاری پەنتاگۆن بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا و تا مانگی 1ی ساڵی 2021 ئەم ڤاکسینە دەدۆزرێتەوە و ئەم ڤاکسینەش بۆ چارەسەرکردن لەناو ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەمریکاشدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکار دەهێنرێت.

هاوکات جۆناثان ڕاث هۆفمان، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری گشتی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەنتاگۆن باسی لەوە کردووە کە ئامانجەکە تا مانگی یەکی ساڵی داهاتوو بەرهەمهینانی 300 ملیۆن ڤاکسینی دژە کۆرۆنایە و ئەم ئامانجەش کاری پێکەوەیی لەناو دامەزراوەکانی حکومەتی ئەمریکادا لەخۆ دەگرێت.

XS
SM
MD
LG