Accessibility links

کۆرۆنا ئەندامێکی کۆنگرێس ناچار دەکات بە کشانەوە لە خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا


ئەندامێکی پێشووی کۆمارییەکان کە دەنگی دابوو بە لادانی سەرۆک ترامپ لە پۆستەکەی، دەڵێت دەکشێتەوە لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

جەستن ئاماش، کە ئێستا ئەندامێکی سەربەخۆیە لە کۆنگرێسدا، لە ژمارەیەک نوسینیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئاماژەی بە هۆکاری کشانەوەکەی کردووە و دەڵێت کشانەوەکەی "پەیوەندی هەیە بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە."

هەر لەو پۆستانەیدا لە تویتەر، جەستن ئاماش نوسیویە، زیاتر لە 3 هەفتەیە تاووتوێی خۆ کاندیدکردن دەکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا وەک کاندیدی لێبراڵەکان و دەڵێت لەگەڵ ڕاوێژکاران و ئەندامانی خێزان و هاوڕێ و دۆستەکانیدا ئەم پرسی خۆ کاندیدکردنەی هەڵسەنگاندوە و دەشڵێت پاش بیرکردنەوەیەکی زۆر بۆی دەرکەوتووە "ئەم ڕەوشەی ئێستا یارمەتیدەر نییە بۆ سەرکەوتنی وەک کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا."

ئاماش، ئاماژەشی بەوە کردووە بڵاوبوونەوی پەتای کۆرۆنا تەگەرەیەکی گەورە دەبێت لەبەردەم سەرکەوتنیدا لە هەڵبژاردندا و دەشڵێت "لە ئاوەها ڕەوشێکدا ئەو کاندیدانەی کەمتر ناودارن پێویستە پشت ببەستن بە دەرفەتەکانی میدیا تا بگەنە لای خەڵک، وەک دەڵێت "بەهۆی ئەم قەیرانەی ئێستاوە ئەمریکاییەکان زیاتر سەرقاڵی ژیانی ڕۆژانەی خۆیانن وەک لە وتووێژ و دیالۆگە سیاسییەکانی نێوان کاندیدەکان، هەروەها میدیاکانیش زیاتر بایەخ بە کۆرۆنا و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەدەن."

جەستن ئاماش، ئەندامی سەربەخۆی کۆنگرێس دەڵێت لە ئاوەها ڕەوشێکی ئابوریدا، قورسە بتوانرێت کۆمەکی دارایی بۆ هەڵمەتەکانی خۆ هەڵبژاردن بەدەست بهێنرێت.

ئاماش، وازی لە کۆمارییەکان هێنا پاش ئەو ناکۆکییە زۆرانەی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا هەیبوو، دواتریش دەنگی دا بە بەرنوسی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆک ترامپ. ئەو لێپێچینەوەیە لە سیناتدا کە کۆمارییەکان تیایدا زۆرینەن، دەنگی پێنەدرا.

XS
SM
MD
LG