Accessibility links

کۆرۆنا ڕێژەی بێکاری لە ئەمریکا بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستێکی بێپێشینە


لە ئەمریکا تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا، زیاتر لە 2 ملیۆن و 900 هەزار کەس، داواکاری یارمەتی بێکارییان تۆمارکردوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بە ڕەهەندە وێرانکارەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید 19 لەسەر بواری کارکردن لە ئەمریکادا.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار، لەوەتای ناوەڕاستی مانگی 3وە و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن و بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکادا داواکارییەکان بۆ دابین کردنی یارمەتی بێکاریی گەیشتۆتە نزیکەی 36 ملیۆن و پێنجسەد هەزار.

لە مانگی چواردا لە ئەمریکا زیاتر لە 20 ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس، کارەکانیان لەدەستداوە، ئەمەش ژمارەیەکی بێ پێشینەیە لە وڵاتەکەدا کە لە یەک مانگدا ئەو ژمارەیەی خەڵک کار لەدەستبدەن.

لە ئێستادا ڕێژەی بێکاریی لە ئەمریکا گەیشتۆتە لە سەدا چواردە و لە دەدا حەوت، وە بە بەرزترین ئاست دادەنرێت، لە ماوەی 80 ساڵی ڕابردوودا، لەکاتێکدا لە مانگی 2ی ڕابردوودا ڕیژەی بێکاری لە نزمترین ئاستدا بووە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا و ڕێژەی بێکاری تەنها لە سەدا 3 و لە دەدا 5 بوو.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ جەخت دەکاتەوە لە هەنگاونان بەرەو کرانەوە و سوک کردنی ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و دەشڵێت "بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری شتێک نییە مایەی سەرسوڕمان بێت لە کاتێکدا ئابوری وڵات دادەخرێت بێگومان ژمارەیەکی بێشوماری خەڵک کار لەدەست دەدەن، هەر کاتێکیش ئابوری کرایەوە، ئەوا ئەم دەرفەتانەی کارکردنیش دروست دەبنەوە."

هەتا ئێستا لە ئەمریکا نزیکەی یەک ملیۆن و 391 هەزار کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و زیاتر لە 84 هەزار کەسیش بە پەتای کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە، بەپێی ئامارەکانی زانکۆی جۆن هۆپکینز.

XS
SM
MD
LG