Accessibility links

دکتۆر فاوچی بەشداری لە دانیشتنێکی کۆنگرێسدا دەکات


دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوبەری نێوەندی نیشتمانی بۆ نەخۆشییە درمییەکان و بەرپرسی تیمی کۆشکی سپی بۆ بەرەنگار بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاری داوە بەشداری لە دانیشتنەکەی ڕۆژی سێشەممەی لیژنەی تەندروستی کۆنگرێسی ئەمریکادا بکات. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ کە کەناڵی فۆکس نیوس، یەکێکە لەوان، دکتۆر فاوچی بڕیاری داوە تا ڕۆژی دانیشتنەکەی کۆنگرێس بە شێوەیەکی سوک خۆی کەرەنتینە بکات، پاش ئەوەی ژمارەیەکی دیاریکراو لە کۆشکی سپی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

لەو دانیشتنەی کۆنگرێسدا، هەڵسەنگاندن دەکرێت بۆ شێوازی سەروسەودا کردنی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەم خۆ کەرەنتینە کردنەی دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی چەند ئەندامێکی تری تیمەکەی کۆشکی سپی کەرەنتینە کراون، دوابەدوای ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ کەسێکی توشبوودا کردبوویان. لە ئێستادا دکتۆر ڕۆبیرت ڕیدفیڵد، بەڕێوبەری دەزگای خۆراک و دەرمان، هەروەهاش ستڤن هان، بەڕێوبەری نێوەندی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان و خۆپاراستن، کەرەنتینە کراون.

تا ئێستا ناوی ئەو کەسە ئاشکرا نەکراوە کە هەڵگری کۆڤید 19یە و وەک دەگوترێت لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ تیمی کۆشکی سپی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڕێدفیڵد و هان، لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری دەکەن لەو دانیشتنەی پەرلەماندا، ئەگەریش شتێکی نوێ لە بارەی تەندروستی دکتۆر فاوچییەوە هاتە ئاراوە، ئەوا ئەمیش هەر لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشدار دەبێت.

XS
SM
MD
LG