Accessibility links

لە ئەمریکا کەمترین زیانی گیانی کۆرۆنا لە یەک مانگدا تۆمار دەکرێت


لە ئەمریکا 1015 کەس بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە لە ماوەی 24 کاتژمێردا، بەپێی ڕاپۆرتی زانکۆی جۆن هۆپکینز کە درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە بڵاوی کردۆتەوە.

ئەمەش کەمترین ژمارەی زیانی گیانییە لە ماوەی یەک مانگدا.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی زانکۆی جۆن هۆپکینز، کە بە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی زانیاریەکان لەسەر پەتای کۆرۆنا دادەنرێت، سەرجەم ئەوانەی بەهۆی کۆڤید 19ەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 68689 کەس لە ئەمریکا.

لێکۆڵینەوەکان لە ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن تا مانگی 6 لەوانەیە ژمارەی ئەوانەی لە ئەمریکا بەهۆی ئەم پەتایەوە گیان لەدەست دەدەن بگاتە 100 هەزار کەس و هەروەها بە دووریشی دەزانن بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتایی پێبێت.

سەرۆک ترامپ، لە دیمانەکەیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوس، ئاماژەی بەوەکرد لەوانەیە 75 بۆ 100 هەزار کەس لە ئەمریکادا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بمرن، بەڵام دەشڵێت "گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا و داخستنی ئابوری لە ئەمریکادا، بوونە مایەی خۆ لادان لە مردنی یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس لە وڵاتەکەدا."

لە ئێستادا نزیکەی نیوەی ستانەکانی ئەمریکا ئەو ڕێوشوێنانەی گرتبوویاننەبەر، بەلانیکەم تا ئەندازەیەک هێوریانکردۆتەوە هاوکاتی کەمبوونەوەی ژمارەی توشبوون بە پەتاکە، لەگەڵ ئەوەشدا کە لە هەندێک ناوچەی ئەمریکادا ژمارەکان لە هەڵکشاندان.

XS
SM
MD
LG