Accessibility links

دادگای باڵای ئەمریکا مێژوویەکی نوێ بۆخۆی تۆمار دەکات


لەمڕۆ دووشەممەوە دادگای باڵای ئەمریکا مێژوویەکی نوێ بۆخۆی تۆمار دەکات.

بۆ یەکەمین جار لە ماوەی 231 ساڵی تەمەنیدا، دادگای باڵای ئەمریکا، ئەرکەکانی خۆی لەڕێی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەجێدەگەیەنێت.

یەکەمین 10 دۆسێ کە ئەم دادگایە کاری لەسەر دەکات لەم مانگی پێنجەوە دەبێت.

بڕیاردان لەم هەنگاوە پەیوەندی هەیە بە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە و بە هەنگاوێکیش دادەنرێت بۆ خۆپاراستن لە کۆڤید 19، لەو سۆنگەیەوەی خۆ دورخستنەوەیە لەم پەتا کوشندەیە.

دادوەرانی دادگای باڵای ئەمریکا
دادوەرانی دادگای باڵای ئەمریکا

بۆ لەمەودوا هەر 9 دادوەرەکەی دادگای باڵای ئەمریکا و پارێزەران و بەرپرسانی دادگاکان و تەنانەت خەڵکیش دەتوانن بەشداری بکەن یان چاودێری پرۆسەکانی دادگاییەکانی دادگای باڵای ئەمریکا بکەن لە ماڵ و لە ئۆفیسەکانی خۆیانەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە لێدوان و قسەکردنەکان لە دادگادا لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەزمونێکی نوێیە بۆ دادوەران و پارێزەرەکانیش، بەڵام بڕیاری دادگا بۆ بەڕێوەبردنی دادگاییکردنەکان لە دۆسێکاندا و پەخش کردنی ڕاستەوخۆی، بڕیارێکی گرنگترە لە ئەزمونە نوێیەکەی دادگای باڵای ئەمریکا.

ئادەم فێڵدمان، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کالیفۆرنیا ستەیت، کە بەڕێوبەری بلۆگێکی ناودارە سەبارەت بە دادگای باڵای ئەمریکادەڵێت "ئەمە ساتەوەختێکی مەزنە بۆ دادگای باڵای ئەمریکا."

دادگای باڵا لە ئەمریکا لە هەمان ڕۆژی پرۆسەی دادگاییکردندا، دەقی نوسراوی ئەو پرۆسەیەی بڵاودەکردەوە و هەروەها لە کۆتایی هەفتەشدا تەواوی تۆماری دەنگیی دانیشتنەکانی دادگاییکردنەکانی بڵاودەکردەوە، بەڵام داوای ئەوانەی ڕەتدەکردەوە کە دەیانخواست ڕاستەوخۆ دانیشتنەکانی دادگا بڵاوبکرێنەوە. هەندێک لە دادوەرەکان قسەیان لەسەر ئەوە بووە، ئەگەر هەنگاوێکی ئاوەها بنرێت ئەوا کاریگەری دەبێت لەسەر گۆڕینی دینامیکییەتی دادگا و و هاندەرێکیش دەبێت بۆ پارێزەرەکان تا کامێراکان بە خواستی خۆیان بەکاربهێنن.

بەرەنجامی ئەو ڕوانینەی هەندێک لە دادوەرەکانی دادگای باڵای ئەمریکا ئەوە بووە کە خەڵک نەیاندەتوانی لە کات و وادەی خۆیدا ئاگاداری پرۆسەکانی دادگاییکردنەکان ببن، وەک گەیب ڕوث، بەڕێوبەری جێبەجێکاری نێوەندی "چاککردنەوەی دادگاکان"دەڵێت؛ لە پێنج کاتژمێر بۆ 5 ڕۆژ چاوەڕوانی دەویست تا یەک کورسیت دەست بکەوێت لەو پەنجا کورسییەی بۆ خەڵک هەن لە هۆڵی دادگاکەدا.

ڕوث لە لاپەڕەکەیدا نوسیویە "ئەم پەتا جیهانییە وەهای کرد دادگا میکانیزمی کارکردنی بگۆڕێت."
بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، دادگای باڵای ئەمریکا دانیشتنەکانی مانگی 3 و 4 ی خۆی دواخستن، بەڵام لە کۆتایی مانگی چواردا ڕایگەیاند پرۆسەی دادگاییەکانی لە مانگی 5دا دەستپێدەکەنەوە لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە.

XS
SM
MD
LG