Accessibility links

مایک پێنس: لە ئەمریکا ئاماژەی هاندەر و دڵخۆشکەر هەن


جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆنا خراپتر نابێت لە نەخۆشییەکە.

ئەم لێدوانەی مایک پێنس هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوەکانی کۆشکی سپی بۆ کرانەوە لە ئەمریکادا بە زووترین کات و هەروەهاش بە شێوەیەکی بەرپرسانە.

لە لێدوانەکانیدا بۆ کەناڵی سی بی ئێس، پێنس ئاماژەی بە پلانی کرانەوەی ئەمریکا کرد، کە لەم ماوەیەی ڕابردوودا کۆشکی سپی ڕایگەیاند و پێشنیازی ڕێنوماییش دەکات تا ئەمریکا بتوانێت بەپێی ئەو ڕێنوماییانە بەرەو هێوردکردنەوەی ئەو ڕێوشوێنانە بڕوات کە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دانرابوون.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە کە لە ئەمریکا ئاماژەی هاندەر و دڵخۆشکەر هەن بەوەی ئەو ڕێنوماییانە بڵاوبوونەوەی پەتاکە خاو دەکەنەوە لەو ناوچانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە قورسی لێیداون و دەشڵێت هاوبەشیی تەواوەتی لەگەڵ فەرمانڕەواکانی ستانەکانی ئەمریکادا، وەها دەکات ئەم ڤایرۆسە ببێتە ڕابردوو.

مایک پێنس، لەو لێدوانانەیدا هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆی نەکرد بە نوسینەکانی سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، کە تایبەت بوون بە کرانەوە لە ستانەکانی مینەسۆتا و ڤیرجینیا و مەشیگان. لەو ستانانەدا شەپۆلی ناڕەزایی هەبوون بەرامبەر ئەو ڕێوشوێنانەی فەرمانڕەواکانیان (هەرسێکیان دیموکراتن) گرتبوویانەبەر، سەرۆک ترامپ لە تویتەر نوسیبووی ئازاد بکرێن.جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئەو شەپۆلی ناڕەزاییانە تەنها ئەوەندی وت کە "خۆپیشاندانەکان ئاماژەیە بە خواستی خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ کارکردن."

XS
SM
MD
LG