Accessibility links

سەرۆک ترامپ ئاماژە بە باری ئەرێنی دەکات لە دۆسێی ڤایرۆسی کۆرۆنادا


سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ژمارەیەک لە ستانەکانی ئەمریکا دەستیانکردووە بە هێورکردنەوەی ئەو ڕەوشەی بەڕێوبەرایەتییەکەی داینابوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەشڵێت هەندێک لەو ستانانە دیموکراتن و هەندێکیشیان کۆمارین.

سەرۆک ترامپ، لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەی درەنگانێکی ڕۆژی شەممەیدا باسی لەوە کردووە کە هەردوو ستانی تەکساس و ڤێرمۆنت لە ڕۆژی دووشەممەوە لەگەڵ باری ئاگاهییەکی پێویستدا، هەندێک لە دامەزراوەکانی خۆیان دەکەنەوە و هەروەها ستانی مۆنتانا لە ڕۆژی هەینیەوە هەنگاوی هاوشێوە دەنێت.

ئەم لێدوانەی سەرۆک ترامپ لە کاتێکدایە بەشێک لە فەرمانڕەوایانی ستانەکان ڕایانگەیاندووە، کۆتایی ناهێنن بە ڕەوشی نائاسایی ستانەکانیان تا ئەوکاتەی پشکنینی زیاتری تەندروستی دەکەن لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەبارەت بە دواترین پەرەسەندنەکان لەسەر نەخۆشی کۆڤید 19، سەرۆک ترامپ دەڵێت"ژمارەیەک ئاماژەی ئەرێنی دەبینین بەوەی ڤایرۆسەکە بەرزترین ئاستی خۆی تێپەڕاند و ئەگەر ئەوەی کردومانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، نەمانکردایە، ئەوا دەشێت بە ملیۆنان کەس گیانیان لەدەست بدایە."

لە ئەمریکا، بەپێی ئامارەکان تا درەنگانێکی ڕۆژی شەممە نزیکەی 38 هەزار کەس بەهۆی کۆڤید 19 ەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەو ژمارەیە کەمترە لەوانەی لە وڵاتی چین بە کۆڤید 19 مردوون و دەشڵێت "چین، یەکەم وڵاتە لە ژمارەی ئەوانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مردون. بۆچی چین ژمارە ڕاستەقینەکان بڵاوناکاتەوە؟."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ، لێپێچینەوە لە وڵاتی چین دەکات لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، سەرۆک ترامپ جەخت دەکاتەوە لەوەی " بێگومان بەرەنجامی خراپی دەبێت، ئەگەر سەلمێندرا بێژینگ بە بڕیاری پێشوەختی خۆی، بەرپرسیارە لەوەی ڕوویداوە، بەڵام ئەگەر بەبێ مەبەست بووبێت، ئەوا لێپێچینەوەی لەگەڵدا ناکرێت."

لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆک ترامپ دەڵێت بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، ئێران ‌هێندەی نەمابوو کۆنترۆڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، بەڵام ئێستا هەوڵی گێچەڵ پێکردنمان نادات. سەرۆک ترامپ ئامادەیی ڕاگەیاند بۆ ناردنی ئامێری هەناسەپێدان بۆ ئێران، وەک دەڵێت ئەگەر ئێرانیەکان داوای بکەن.

سەبارەت بە دۆسێی بە فیڕۆدانی پارەی حکومەتی فێدراڵی، سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەو 500 ملیۆن دۆلارەی تەرخانکرابوو بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، بەڕێوبەرایەتییەکەی بۆ مەبەستی بە سود بەکاریدەهێنێت.

تا درەنگانێکی ڕۆژی شەممە، پشتڕاستکراوەتەوە کە زیاتر لە 700 هەزار کەس لە ئەمریکا هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان.

XS
SM
MD
LG