Accessibility links

ئەندرو کۆمۆ: کاتە هەرە خراپەکە تێپەڕیوە بەو مەرجەی وابەستەبوون بە ڕێوشوێن و ڕێنوماییەکانەوە بەردەوام بێت


ژمارەی ئەوانەی لە ستانی نیویۆرک بەهۆی کۆڤید 19وە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 10056 کەس.

فەرمانڕەوای ستانی نیویۆرک ڕایدەگەیەنێت لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 671 کەس بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەندرو کۆمۆ دەڵێت کاتە هەرە خراپەکە تێپەڕیوە بەو مەرجەی وابەستەبوون بە ڕێوشوێن و ڕێنوماییەکانەوە بەردەوام بێت و دەشڵێت "ژمارەکان بەرز دەبنەوە ئەگەر گەمژەیی بکەین."

لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆمۆ دەڵێت ڕەوشی ستانەکەی بەرەو باشتر دەڕوات، بەڵام هێشتا ستانی نیویۆرک لە هەموو شوێنێکی ئەمریکا زیاتر زیانی ئەم ڤایرۆسەی بەرکەوتووە.

ئێستا لە ستانی نیویۆرک ژمارەی ئەوانەی توشی کۆڤید 19 دەبن کەمترە. لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 118 کەس توشی ئەم پەتایە بوون و پیویست بووە لە نەخۆشخانە بهێڵرێنەوە، لەکاتێکدا بەپێی ئامارەکان، ڕۆژی 3 ی ئەم مانگی چوارە و ڕۆژانی پێشتریش زیاتر لە هەزار کەس ڕادەگەیەنرا کە توشی کۆڤید 19 بوون.

ئەندرو کۆمۆ دەڵێت "لە قۆناغی کۆنترؤلکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەداین."

کۆمۆ لە لێدوانەکەی ئەمڕ دووشەممەیدا، ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەردەوام دەبێت لەگەڵ فەرمانڕەوایانی ستانەکانی تردا بۆ باسکردنی قۆناغ بە قۆناغی لادانی ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەشڵێت "لە ئێستاوە دەتوانین ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی بگرینەبەر و هەروەهاش دانانی پلان بۆ دەستپێکردنەوەی هەندێک جموجۆڵ و چالاکی."

XS
SM
MD
LG