Accessibility links

سەرۆک ترامپ باس لە وەگەڕخستنەوەی ئابوری ئەمریکا دەکات


سەرۆک ترامپ دەڵێت بڕیار لای سەرۆکی ئەمریکایە بۆ سەرلەنوێ وەگەڕخستنەوەی ئابوری ئەمریکا نەک لای فەرمانڕەوای ستانەکان.

سەرۆک ترامپ لە پۆستێکی نوێی ئەمڕۆ دووشەممەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، نوسیویە "لەبەر زۆر هۆکاری باش و گونجاو، ئەوە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکایە، لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوبەرایەتی و خۆیشم، لە نزیکەوە لەگەڵ فەرمانڕەواکانی ستانەکاندا کار دەکەین و بەردەوامیش دەبین. بە هاوبەشی لەگەڵ فەرمانڕەواکان و کەسانی تریش، بڕیار دەدەم، و ئەو بڕیارەش بەم زووانە دەبێت."

سەرۆک ترامپ میدیاکانی ئەمریکای گوناهبارکرد بەوەی هەواڵی نادروست بڵاودەکەنەوە لەسەر ئەوەی بڕیار لای فەرمانڕەوای ستانەکانە.

لە کاتێکدا کاربەدەستانی تەندروستی لە حکومەتی فێدراڵی، ڕێنوماییان دەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دوورکەوتنەوە لە یەکتر و بەکارهێنانی دەمامک (ماسک)، بەڵام واشنتۆن هیچ ڕێنوماییەکی لەسەر ئاستی نیشتمانی بڵاونەکردەوە سەبارەت بە داخستنی خوێندنگەکان و داخستنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی، ئەمەش وەهای کرد هەر یەکێک لە ستانەکان خۆی بڕیاری خۆی بدات.

سەرۆک ترامپ دەیەوێت هەتا دەکرێت بە زوویی ئابوری وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا وەگەڕبخاتەوە ،دوای تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هەتا ئێستا گیان لەدەستدانی نزیکەی 22 هەزار ئەمەریکایی لێکەوتۆتەوە و هەروەها لە دەستدانی بە ملیۆنان کار.

XS
SM
MD
LG