سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی کرد و بە ڕێککەوتنێکی مەزن ناودێری کرد.
وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپیک و ڕوسیا و وڵاتانی تری بەرهەمهێنی نەوت، درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەیەکی بێپێشینەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بە ڕێژەی لەسەدا دە، ئەم ڕێککەوتنەش وەک پشتیوانییەکە بۆ نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا.
ئەم ڕێککەوتنەش لە نێوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەهاش لە نێوەندی شەڕی نرخدا بووە لە نێوان ڕوسیا و عەرەبستانی سعودیەدا.
سەرۆک ترامپ، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت "ئەم ڕێککەوتنە پارێزگاری دەکات لە سەدان هەزار کار لە بواری وزەدا لە ئەمریکا."
سەرۆک ترامپ، پیرۆزبایی لە سەرۆکی ڕوسیا و لە پادشای عەرەبستانی سعودیەش کردووە و دوای پەیوەندیە تەلەفونیەکەشی لەگەڵ ڤلادمیر پوتن و شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، وتوویەتی ئەمە ڕێککەوتنێکی مەزنە بۆ هەموو لایەک.
کرملن دەڵێت سەرۆک پوتن و سەرۆک ترامپ و شا سەلمان پشتیوانییان لە بڕیاری کۆبوونەوەکەی ئۆپیک + کردووە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت.
وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوە و پاش ئەو کۆبوونەوەیەش وەزیری نەوتی وڵاتی کوێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی دوابەدوای هەوڵ و وتووێژی بەردەوام لە ڕۆژی هەینییەوە، ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە هاتە ئاراوە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و ئەم کەمکردنەوەیەش لە ڕۆژی 1ی مانگی 5ەوە دەستپێدەکات.
بەم ڕێککەوتنەش شەڕی نرخی نەوت لە نێوان عەرەبستانی سعودیە و ڕوسیادا ڕاگیرا، کە لەپاش کۆبوونەوەکەی بارەگای ئۆپیک دەستی پێکرد لە سەرەتای مانگی 3ی ڕابردوودا.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش هۆکارێک بوو لەسەر کەمبوونەوەی داواکاری نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
بەر لە چەند مانگێک، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا 60 دۆلار بوو بۆ یەک بەرمیل، بەڵام لە هەفتەی ڕابردوودا گەیشتە نزمترین نرخ لە ساڵی 2002ەوە و نرخی یەک بەرمیل نەوت بووە نزیکەی 21 دۆلار.