Accessibility links

خوێندن لەمساڵی نیویۆرکدا


شارەداری شاری نیویۆرک دەڵێت خوێندنگاکانی کەرتی گشتی لە شارەکەدا تا کۆتایی ساڵ دادەخرێن بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام فەرمانڕەوای ستانی نیویۆرک دەڵێت، ئەوە بڕیارێکە خۆی دەیدات نەک شارەدار.

بێڵ دی بیلازیۆ، شارەداری نیویۆرک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی شەممەیدا وتوویەتی، ئەوە بڕیارێکی ئاسان نییە، بەڵام وەک دەڵێت "بڕیارێکە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕزگارکردنی ژیانی دانیشتوانی شارەکە."

دوای چەند کاتژمێرێک لەو لێدوانە، ئەندرۆ کۆمۆ، فەرمانڕەوای ستانی نیویۆرک، جەختی کردەوە لەوەی، ئاوەها بڕیارێک لە دەسەڵاتەکانی فەرمانڕەوای ستانەکەیە.

کۆمۆ دەڵێت "ناتوانرێت بڕیارێک لەناو شاری نیویۆرکدا بدرێت، بەبێ هەڵسەنگاندن و تاووتوێکردنی ئەو بڕیارە لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری شارەکەدا، چونکە ئەمە هەمووی پێکەوە گرێدراون.

فەرمانڕەوای ستانی نیویۆرک دەڵێت، تێگەیشتنی هەیە بۆ هەڵوێستەکەی دی بلازیۆ و دەڵێت "ئەو دەخوازێت خوێندنگەکان تا مانگی شەش دابخرێن، ئێمەش ئەوە دەکەین بەڵام بە ڕێگەیەکی ڕێکخراوتر و بە بەشداری ناوچەکانی تریش دەیکەین."

پێشتریش لەسەر زۆر دۆسێ ناکۆکی لە نێوان دی بلازیۆ و کۆمۆدا هەبووە و ئێستا وەک دوو نەیاری یەکتر لێیان دەڕوانرێت.

شاری نیویۆرک بە چەقی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەنرێت لە ئەمریکادا و بەپێی ئامارە فەرمییەکانتا ئێستا زیاتر لە 5820 کەس لە شاری نیویۆرک بەهۆی کۆڤید19وە گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG