سەرۆک ترامپ، ڕەخنە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەگرێت لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سەرۆک ترامپ، ئەم ڕێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی گوناهبارکردووە بەوەی تەنها سەنگیی و سەرنجی خستۆتە سەر چین.
سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، نوسیویە "ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبەر هەر هۆکارێک بێت ئەم دۆسێیەی تێکداوە، وێڕای ئەو پارە زۆرەی ئەمریکا دەیدات بەو ڕێکخراوە، بەڵام هێشتا زیاتر سەنگیی دەخاتە سەر چین. ئێمە پێداچوونەوە بەم دۆسێیەدا دەکەین."
هەرچەندە سەرۆک ترامپ باس لە وردەکارییەکانی ئەو پێداچوونەوەیە ناکات، بەڵام هەندێک لە میدیاکان وەها دەنوسن کە سەرۆکی ئەمریکا مەبەستی پێداچوونەوەیە بەو داراییەی دەیدات بەو ڕێکخراوە جیهانیە.
بەڵام سەرۆک ترامپ، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی درەنگانێکی سێشەممەیدا، گوتی بەشداری دارایی ئەمریکا بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەڵدەپەسێرێت.
سەرۆک ترامپ دەنوسێت" خۆشبەختانە ڕێنوماییەکەی زووی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیم ڕەت کردەوە بۆ کراوەیی سنورەکان لەبەردەم چیندا. بۆچی ئەو جۆرە داوا هەڵەیەی لە ئێمە دەکرد؟."
وێڕای ئەو داوایەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، بەڵام بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ،هەر زوو بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی دا لەگەڵ چین.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕووبەڕووی ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکی زۆری کۆنەپارێزانی ئەمریکایی بۆتەوە، بەهۆی چۆنیەتی کارکردنی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.